سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکی دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 6/19 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئێرڤن هیکس کونسولی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیای ئەمریکی لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵی پێکهاتبوو .

سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان .

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجمان ئەوەیە ، هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگی کشتوکاڵی و بازرگانی لە ناوچەکەدا بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ، هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشیدا پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بە تایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و کاروباری بانکی ، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەمبارەیەوە دووپاتکردەوە.

Back to top button