ئاسایشی هەولێر لەسەر کوژرانی ژنێک لەلایەن هاوسەرەیەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە

ئاسایشی هەولێر لەسەر کوژرانی ژنێک لەلایەن هاوسەرەیەکەوە رایگەیاند: دوای رووداوەکە تۆمەتبار خۆی رادەستی ئاسایشی هەولێر کردووە، هەروەها ئەو کەسەشی چەکەکەی پێداوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە.

لە راگەیێندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، کاتژمێر 11:10 شەوی رابردوو تۆمەتبارێک بەناوی (هـ، ڕ، ی) لە گەڕکی گوڵانی شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هێرشی کردووەتە سەر ماڵە خەزوورانی و بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف دەستڕێژی گوللـەی کردووە.

راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی تەقەکاندا، هاوسەری تۆمەتبارەکە کوژراوە و خوشکێکی هاوسەرەکەی بریندار بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دوای رووداوەکە تۆمەتبار خۆی رادەستی ئاسایشی هەولێر کردووە، هەروەها ئەو کەسەشی چەکەکەی پێداوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و هەردووکیان بە فەرمانی دادوەر، لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

Back to top button