سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی حوزەیرانی 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنکەرە ، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری تورکیا کرد بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی و هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتی نوێی تورکیا خواست.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەی بوو، بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنە و فراوانکردنی دەرفەتەکانی ھاریکاری و هەماهەنگیی لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.