بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند :” ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2023، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە.
تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتە پەیوەندیدارەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان.
لە تەوەری دووەمدا، باس لە ڕەشنووسی ئەو پرۆژەیاسا و پەیڕەوانە دەکرێت کە تاکوو ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەکراوە.
تەوەری سێیەم تایبەت دەبێت بە بابەتی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
لە تەوەری چوارەم و کۆتاییدا، بابەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەلایەن هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخرێنە ڕوو.