سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد بە سەرۆکایەتی دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جەنەراڵ ماتیۆ ماکفەرلین، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوو، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری، سڵاو و رێزی وەزیری بەرگری ئەمریکای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لە بارەی پەرەسەندنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاو و رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاداشتی لەیەکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا.
لەمبارەیەوە ،جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەردەوام دەبن لە پشتگیری کردنی هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و بە تایبەتی داعش بۆ دڵنیابوون لە دووبارە بەهێزنەبوونەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.
سەرۆکی حکومەت، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییەکانی ئەمریکا دەربڕی و خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەن لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە.
بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و کۆتاییهێنان بە شاڵاوی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک ، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.