مەسرور بارزانی پێشوازى له‌ شاندێكى باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممە 21ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵای نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان (UN) به‌ سه‌رۆكايه‌تى عه‌بدوڵڵا ده‌رده‌رى، ياريده‌رده‌رى سكرتێرى گشتي نه‌ته‌وەيه‌كگرتووه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌رێميى بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) تایبەت بە وڵاتانى عه‌ره‌بى كرد.

له‌ دیدارەکەدا ياريده‌رده‌رى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وەيه‌كگرتووه‌كان، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانیان و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە مەبەستیان يارمه‌تيدانە له بواری‌ هه‌مەجۆركردنى ئابووری و سه‌رچاوه‌كانى داهات و رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

لەلایەن خۆیەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە رووی هەمەجۆرکردنی ئابووری و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کاراکردنی سیستەمی بانکی و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە کرد.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی پاراستنی سامانی ئاو و دروستکردنی بەنداوەکان کرا.

Back to top button