ئەنجومەنی وەزیران هەر رێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی بودجەی فیدڕاڵی رەتدەکاتەوە
ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور تایبەت بە زەویە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد وتورکمان لە کەرکوک دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر پێشهاتە پەیوەندیدارەکان بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو رێککەوتنانەی واژۆ کراون جێبەجێ کردووە. بەڵام لە دەرەوەی دەستوور و رێککەوتننەکان، دەستکاری بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکان کرا کە لە رووی دەستووریەوە، گۆڕانکاری لە رێکەوتننامەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم رێگاپێدراو نییە.
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، کە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی بودجە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی، هەروەک سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڵێنیداوە، پێداچوونەوە بکات بە بڕگە و ماددە هەموار کراوەکان کە تا چەند لەگەڵ کارنامەی حکومەتی فیدرال دەگونجێن و تاچەند شایانی جێبەجێکردنن و پێویستە میکانیزمی شیاو بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم دابنرێت و هەر رێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە، چونکە هەرێم پابەندییە دەستووریەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و هیچ بیانو و پاساوێکیش بۆ هەر رێکارێکی جیاکاری بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەماوە، بە تایبەتیش پاساوی نەوت کە پێشتر هەمیشە دەکرایە بیانو بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی لە شایستە داراییەکانی، بۆیە ئێستا ئەرکە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی، یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات لە پێش هەمووشیەوە تەرخانکراوی خەرجی مانگانەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو ژمارانەی لە ناو خشتەکانی بودجەدا جێگیرکراون لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە، گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسی ئەو پڕۆژە یاسا و پەیڕەوانە کرا کە تا ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لە سەر نەدراوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەویش بە رەچاوکردنی پلانی تەشریعی کابینە کە لە هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری ئەم کابینەیەدا هاتبوون و لەم رووەوە، هەڵسەنگاندنی پێویست کرا لەبەر رۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییە. ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەکانی راسپارد بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو پێشنیارەکانیان لەمبارەیەوە بخەنەڕوو.
لە بڕگەی سێیەمدا، گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور – لجنة شؤون الشمال)ـی هەڵوەشاوە تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک كرا.
ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور دەکات و دەستخۆشی لە دوا نووسراوی لیژنەکە دەکات بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی کورد و تورکمان و راگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ هاوردەکراوان، بەڵام لەمە گرنگتر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیە بە کردارەکی و راگرتنی خێرای هەموو ئەو ناڕەواییەی بەرامبەر بە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت لەو ناوچانە، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوویی نیە.
ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی وەزاری تایبەت بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ راسپارد کە کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن و بە هەماهەنگی لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونی خێرا بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی فیدڕاڵی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد و تورکمان کە رێگرییان لێ دەکرێت.
بڕگەی چوارەم و کۆتایی خستنەڕووی بابەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و رێکارەکانی خۆپارێزی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تەندروستی بوو.
لەمبارەیەوە، دارا رەشید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوەکالەت و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لە دوو راپۆرتی جیادا، ڕێکارەکانی خۆپارێزی و سەلامەتی هاووڵاتییان لە کاتی قوربانیکردنی ئاژەڵ لە سەروبەری نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان خرایەڕوو، ئاماژە بەوەدرا کە حکومەتی هەرێم هەر زوو بوودجەی پێویستی بۆ هەردوو وەزارەت تەرخانکردوو و هەڵمەتێکی بەرفراوانی هۆشیارکردنەوەش دەستی پێکردوە.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە رێکارەکانی خۆپارێزی هەردوو وەزارەت، لەهەمانکاتدا داوای لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندبن بە رێنوێنی و رێنماییەکانی خۆپارێزی و بەتایبەتیش لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی ئایینی تایبەت بە قوربانیکردنی ئاژەڵ، تا سەلامەتی و تەندروستیان پارێزراو بێت.