مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ له‌ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كاندا ده‌ستی كاری ناوخۆیی و پاراستنی ژینگه‌ ره‌چاو بكرێن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی بەردی بناخەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابین- لە بناری چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر دانا.

سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا دووپاتی کردەوە کە لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم راده‌سپێرم، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لابدرێت.

دەقی وتاری سەرۆکی حکومەت:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەکتان دەکەم، زۆر زۆر بەخێر بێن. بەخێرهاتنێکی تایبەتی دکتۆر شینگ ڤان فوو، سەرۆکی پاوەرچاینا و شاندی هاوبەشی دەکەین بۆ کوردستان، زۆر زۆر بەخێر بێن.
بەختەوەرم ئەمڕۆ لەگەڵتان بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان کە کارگەی چیمەنتۆی دابینە و دەبێتە یەکێک لە کارگە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و رۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بنیاتنانەوەی کوردستان. دەستخۆشی لە کۆمپانیاکانی دابین و پاوەرچاینا دەکەم بۆ جێبەجكردنی پرۆژەکە و دروستکردنی کارگەکە. هیوادارم ئەم پرۆژەیە وەک بەڵێن دراوە بە کواڵێتییەکی بەرز و لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواو بکرێت و لە دروستکردنیشیدا هەلومەرجەکانی سەلامەتی کرێکاران، هەروەها ژینگەپارێزی لەبەرچاو بگیرێت.

بێگومان چ لە قۆناغەکانی دروستکردنی کارگە و چ لە کاتی دەستبەکاربوونیشیدا سەدان هەلی کار دەڕەخسێت کە پێویستە 75٪ی دەرفەتەکانی کار لە هەر پرۆژە و پیشەیەکیش بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت و راهێنانیش بە کرێکاران و ئەندازیارانی کوردستان بکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزاییان لەم کارەدا. هیوادارین لە دروستکردنی ئەم کارگەیە هەتا دەکرێ بابەتی ژینگەپارێزی و گەرمبوونی زەوی و سنوودارکردنی دەرچوونی گازە پیسەکان لەبەرچاو بگرن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەکەی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووریدا بایەخێکی زۆر بە هەردوو کەتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەدات و دەڤەرەکەمان کەرەستەیەکی خاو و سەرەتایی زۆری هەیە کە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروستکردنی زۆر کارگە و بووژاندنەوەی پیشەسازی و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەناردەکردنیشی بۆ ناوچەکە.

جێی خۆشحاڵییە کە بیستم ئەم کارگەیەش بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەرەستە و ماددەی خاوی ناوخۆ دەبەستێت.
بەڕێزان
ئەگەر سەیری مارکێت و ماڵەکانی کوردستان بکەین ئەمڕۆ دەبینین کە زۆربەی هەرە زۆری کاڵاکانیان تا ئێستا هاوردە دەکرێن، لە کاتێکدا کە دەتوانین بەشێکی زۆری ئەو بەرهەم و پێداویستییانە لە کوردستان دروست بکەین. بەمەش هەم کەرتی پیشەسازیمان دەبووژێتەوە، هەم بێکاریش کەمتر دەبێت، پشتبەستنی هەرێم بە دەرەوەش زۆر سنووردار دەبێت. لەم ڕووەوە هەر هاریکاری و یارمەتییەک لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت ئێمە ئامادەین بیکەین بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازیمان گەشەسەندنێکی باش بە خۆیەوە ببینێت. هەر لێرەشەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم ڕادەسپێرم کە ئاسانکاری زیاتر بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لاببرێت.

من جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پرۆژە گرنگە دەکەم و هیوادارم پرۆژەی هاوشێوە لە زۆربەی ناوچەکانی تری کوردستانیش ئەنجام بدرێت.

جارێکی تر زۆر زۆر بەخێر بێن. ئێوە هەر سەلامەت و بەختەوەر بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

Back to top button