عەلی حەمەساڵح بۆ قوباد تاڵەبانی: ناكرێ باخچەی گەڕەكەكانیش بكرێت بە شوققە
ئەندامی دەست لەكار كێشاوەی پەرلەمانی كوردستان هۆشداریی لەبارەی تێكدانی باخچەی گەڕەكێكی سلێمانی دەدات و ئاشكرای دەكات، ئەو شوێنە لەسەر نەخشەی بنەڕەتیدا باخچەیە، كەچی بە كەسێك دراوە بۆ ئەوەی شوققەی لەسەر دروست بكات.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی دەست لەكار كێشاوەی پەرلەمانی كوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، نووسینێكی ئاراستەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و تێیدا دەڵێت: ناكرێت باخچەی گەڕەكەكانیش شۆفڵی لێ بدرێت و بكرێتە شوققە و نەخشەی بنەڕەتی بگۆڕن!
هاوكات داوای كردووە ئەم كارە رابگرن و روونی كردۆتەوە، ئەو زەوییەی كە باسی دەكات، رووبەرەكەی حەفت هەزار مەترە و لە نەخشەی بنەڕەتیی گەڕەكی كوردسات (119 – كەڵەكن) باخچەیە، دراوەتە کەسێک بە ناوی (م) بۆ ئەوەی بیکاتە شوققە، ئەمەش ناڕەزایی خەڵکی ئەو گەڕەکەی لێ کەوتووەتەوە.
عەلی حەمەساڵح جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو زەوییە ئێستا باخ و سەوزاییە و ئەو خەڵكەی لە رابردوودا خانوویان لەو شوێنە كڕیوە، لەسەر ئەو بنەمایە كڕیویانە كە لە نەخشەدا و لە ئەرزی واقیعیشدا شوێنەكە سەوزاییە، بۆیە پرسیاری ئەوەی كردووە ئاخۆ ”دەكرێ حیساب بۆ نەخشە و سەوزایی و خەڵكی نەكرێت و بكرێتە باڵاخانە؟“
لە كۆتاییشدا هۆشداری لەبارەی تێكدانی پارك و باخچەكانی سلێمانی داوە و رای گەیاندووە: ترسی من لەوەیە، ئەمە سەربگرێت، سبەی هەر پارک و باخچەیەکیان حەز لێ بوو، بیکەن بە شوققە!