لە ئەمریکا پشتیوانییەکان بۆ ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت

دوای ئەوەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێسی ئەمریکا بڕگەیەکی بۆ هەمواری یاسای وەزارەتی بەرگریی 2024ـی زیاد کردووە و داوا دەکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە بدرێت، لەئێستادا لە ئەمریکا پشتیوانییەکان بۆ ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت.

جەنەراڵ ئێرنیست ئۆدێرنۆ، جەنەراڵی پێشوو لە سوپای ئەمریکا رایگەیاند:” هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی مەزنی ئەمریکایە و ئێستا پێویستییان بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە، چونکە لەژێر هەڕەشەی چەندبارەبووەوەی ئێران و نزیکەکانی ئێراندان.

ئەو جەنەراڵە دەشڵێت، پێنتاگۆن بە دوو رێگا دەتوانێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکات، یەکەم رێگا بە راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بەکارهێنانی سیستەمەکە، دووەم رێگاش ئەوەیە کە ئەمریکییەکان خۆیان لەو ناوچەیە سەرپەرشتی بەکارهێنانی سیستەمەکە بکەن.

دەشڵێت: سەد لەسەد پشتیوانی لە دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دەکەم.

 

 

Back to top button