دابان محەمەد: قوباد تاڵەبانی رووی نەهاتووە بە شەقامی سلێمانی – كەلاردا بچێتە كەلار
دابان محەمەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: قوباد تاڵەبانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسە حیزبییە ئیدارییەكانی سنووری گەرمیان كردووە، خۆی رووی ئەوەی نەبووە بە رێگای سلێمانی – كەلاردا سەردانی كەلار بكات، بۆیە بەرپرسە حیزبییەكانی گەرمیانی لە سلێمانی كۆ كردووەتەوە.
روونیشی كردووەتەوە: پرۆژەكان كێشەی زۆریان تێدایە و هیچ یاسایەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان رێگە نادات ئەو هەزاران دۆنم زەوییە بكرێ بە وەبەرهێنان و بكرێ بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام قوباد تاڵەبانی فشاریان لێدەكات كە هەرچی زووە لە ماوەیەكی كەمدا ئەو پرۆژانە بكەونە سەر پێ و بكرێن بە خانوو و ڤێلا و شوققە كە بەهاكانیان ملیارەها دۆلارە. من ناوم ناوە قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری پرۆژەكانی خانوو و شوققە و ڤێلا لە گەرمیان. دوو كابینەیە فرسەت دەهێنێت، پێشتر لە ماوەی كابینەی كاربەڕێكەر سەدان پرۆژەی لە سنووری سلێمانی واژوو كرد، ئێستاش كە پەرلەمان لە فەراغێكی قانوونییە، فورسەتی هێناوە و خەریكی پرۆژەی وەبەرهێنانە.
لە كۆتاییشدا جەختی كردووەتەوە: ئێمە لەسەر ئەم كەیسە بێدەنگ نابین و ماوەیەكی زۆرە كاری لەسەر دەكەین. قوباد تاڵەبانی خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەم پرۆژانە دەكات، لە قەڵادزێ و ڕانیەش خۆی سەرپەرشتیی دەكات. ئەمە لێشاوێكی تازەیە و هاوشێوەی لێشاوەكەی سلێمانییە كە بە بەهای ملیارەها دۆلار تاڵانیی زەویوزارمان ئاشكرا كرد. لە گەرمیانیش بێدەنگ نابین و هەمووی ئاشكرا دەكەین، چونكە ئەم پرۆژانە هیچیان خزمەتی گەرمیان و كەلار ناكەن.
#Xwakurk #خواکوڕك