سەرتیپ جەوهەر: دۆخی یەکێتی لەوپەڕی خراپیدایە
یەكێتی لەدووڕیانێكی سەختدا
نووسین: سەرتیپ جەوهەر، رۆژنامەنووس و کادیری دیاری یەکێتی
لەدوای نەخۆشكەوتنی مامجەلال لەكۆتایی 2012، سەركردایەتی یەكێتی رووبەرووی واقعێكی نوێ بویەوە، بەهۆی بارودۆخی ناوخۆو هۆكاری دیكە، نەیانتوانی ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە غیابی رەوانشاد (مام جەلال) دروستیكرد.
دەتوانم بڵێم لەئاست خواست و دابینكردنی پێداویستی قۆناغەكە نەبوون و دابڕانی گەورە له نێوان سەرکردایەتی یەکێتی و جەماوەرەکەی ڕوویدا،،
ئەم دابڕانەی نێوان سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بنكە جەماوەرییەكەی درێژەی كێشا. بارودۆخی ناوخۆی ئەو حزبە ئاڵۆزترو سەختتر بوو. ژیانی حزبایەتی قۆناغ بەقۆناغ پاشەكشەی كرد. هەریەكە لە كاك كۆسرەت رەسول عەلی و كاك د. بەرهەم ساڵح ناوەندی بریاریان راگەیاند! دواتر د. بەرهەم ساڵح و گروپێك لەناوخۆی یەكێتی چوونە دەرەوەو گروپێكیان بەناوی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی دروستكرد.
جگە خراپی دۆخی ناوخۆ، فاكتەری دیكەش هەبوو بۆ دابڕانی زیاتری سەركردایەتی لەبنكە جەماوەریەكەی!
كۆنگرەی 4ی یەكێتیلی نیشتیمانی كوردستان چانسێك بوو بۆ باشتركردنی دۆخی ناوخۆی یەكێتیی و گەڕانەوەی ئەم حزبە بۆ سەر رێچكەی حزبایەتی و ئیحتیواكردنی خواستی جەماوەری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و قۆناغەكە.
سەرباری هەموو سەرنج و تێبینی و رەخنە لەبەڕێوەچوونی كۆنگرەو دواتریش، پەیرەوی ناوخۆ گۆڕاو بزوتن و گڕوتینێك لەژیانی حزبایەتی دروستبوو. كۆبونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی دەكراو بڕیاردان لەناو دامەزراوەكانی بڕیاردان و ئۆرگانەكانە حزبییەكان بوو، بەڵام رووداوی 8ی تەمموزی 2021 دۆخەكەی بەتەواوی هەڵگێڕایەوەو لەجاران ئاڵۆزتری كرد. كودەتایەكی سەربازیی تەواوی ریسەكەی كردەوە خوری.
ژیانی حزبایەتی و پەیڕەوی ناوخۆو دامەزراوەكانی بڕیاردان (سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی..تد) هەمووی هەڵپێچراو پەكخران، هیچ رۆڵیان نەما. ئەجێنداو سیاسەتی و تێگەیشتنی حزبیی تارمایی كەوتەسەرو روئیای حیزبی لەبارەی ناوخۆی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كۆكردەوە لەتێگەیشتنی تەنها كەسێك یان دووان.
واتە لەدوای رووداوی 8ی تەمموز جگە كاك بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی هیچ كەسێك لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ناتوانێت گوزارشت لەسیاسەت و روئیای یەكێتی بكات، چونكە هیچ رۆڵیان لەنەخشەڕێژكردن و بڕیاردانی یەكێتیدا نەماوە، بگرە ئاگاداری هیچ گۆڕانكارییەك یەكێتیش نین.
دەتوانین بڵێن، 8ی تەمموز جارێكی دیكە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بنكە جەماوەریەكەی لەیەكتر دابڕی. زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی، خاوەنی تێگەیشتن و روئیای خۆیانن و لێرەو لەوێ تێگەیشتن و گلەیی و گازندەو بێدەرەتانی خۆیان دەخەنەڕوو، بەڵام بەشدارنین لەم دۆخە خوڵقاوەی ناوخۆ. بەهۆی ئەو دۆخەی هەیە، رۆڵیان لەبڕیاردان نییەو (لاحول ولا قوە).
بەپێی زنجیرەیەك راپرسی تایبەت و باوەڕپێكراو كە لەلایەن چەند ناوەندێكی تایبەنمەند لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووكەوە كراوە، دۆخی یەكێتی لەوپەڕیی خراپیدایە! ئەم راستییە كاك لاهورو كاك بافڵ هەموو سەركردایەتیی یەكێتیی لێی ئاگادارن.
ژمارەكان هی بڵاوكردنەوە نین، بەجۆرێك لەماوەی 32 ساڵی رابردوو ئەم یەكێتیی بارودۆخی لەمشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە! هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن كە دەنگدەرانی یەكێتی سەریان لێشێواوە، بەدوای دەریچەو بەدیلدا دەگەڕێن تا بتوانن ئیرادەی خۆیان تەسلیم بكەن.
ئێستاو لەم قۆناغە، بوونی لیستێكی بەدیل، چ لەكەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان یاخود لەهەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، پێویست و گرنگە، بۆ ئەوەی دەنگی دەنگدەرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پەرت و پەرتەوازە نەبێت و لەسەبەتەیەك كۆبكاتەوە. لیستێك توڕەیی و ناڕەزایی ئەندام و لایەنگرو دەنگدەرانی ئەو حزبە ئیحتیوا بكات، زۆر گرنگە، كورد وتەنی “پارووی دەم بكەوێتە خوارەوە بۆناو كۆش، باشە “. بەپێی ئەزموونی 2013 دەركەوت كە دەنگدەرانی یەكێتیی بەدوای بەدیلدا دەگەڕێین، بۆیە ئەوكاتە زۆرینەیان روویان لەبزوتنەوەی گۆڕان كرد، بەڵام دوای شەش مانگ بەهۆی گۆڕانێكی ئیجابیی، یەكێتیی لەهەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عیراق ئەو دەنگانە دووبارە روویان كردەوە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. بۆیە دەبینین لەپارێزگایەكی لە 350 بە 500 واتە دەنگەكانی لە 13%ی بەرزبویەوە بۆ لە 18%ی دەنگدەرانی كوردستان.
گرنگە لیستێك هەبێت نوێنەرایەتی بنكەی جەماوەریی یەكێتی بكات، واتە ئەو لیستە هەر لیستی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بێت، دەنگدەرانی ناڕازیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و دەنگدەرانی وە دەنگدەری ناڕازی كوردستان لەخۆبگرێت، لایەنیكەم بۆ رزگاركردنی یەكێتی لەم قۆناغە كە دەتوانین بڵێین بەم حاڵەی ئێستا بڕستی لێبڕاوە! ئەمەش بۆئەوەی ئەزموونی هەڵبژاردنی 2013 دووبارە نەبێتەوە.
نابێت ئەو راستیەش لەبیربكەین كە دەنگدەرانی یەكێتی و گۆڕان دەنگدەری هەمان سەرچاوەو كانین، بەڵام ئێستا پەرتەوازەو بێدەرەتانن و لەچاوەڕوانی بەدیل و دەریچەیەكن تا بتوانن دەنگی خۆیانی پێبدەن.