هەڵوێستیكی روون و ئاشكرا
سەلام عەبدوڵڵا
هەر چەندە PKK هەڵوێستی بەرامبەر حكوومەتی هەرێم، هەر لەسەرەتای دروستبوونی حكوومەت و پەرلەمانەوە ڕوون و دیارە و بۆچوونیان سەبارەت بە سەربەخۆبوونی كوردستان ئاشكرایە و بە بەردەوامی، بەشێوەیەكی جۆراوجۆر، نیشان دەدەن بەڵام هیچ كات وەكوو ئەمڕۆ هەڵویستیان وا بە ڕاشكاوی و بێ پێچ و پەنا دیار نەبووە.
ئەگەرچی ئەمانە لەسەرەتادا بە دروشمی قەبە و بریقەدارەوە هاتنە نێو مەیدانی سیاسی و خەڵكێكی زۆریشیان بەتایبەتی لە گەنجان پێهەڵفریوان، بەڵام هەر زوو لەو بیروباوەڕیان پاشگەزبوونەوە كە داوای دەوڵەتێكی سەرتاسەریان بۆ هەموو كوردان دەكرد و لەبڕی ئێستا خەریكی دیموكراتیەتی گەلان و خۆسەرین كە لە خۆیان زیاتر و هەندێك هەڵهەخەڵەتاو نەبێت سەری لێدەرناكات و پشتیان كردۆتە هەموو بەهایەی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەتایبەتی دژایەتی ئاڵای كوردستان و هەوڵی سەربەخۆبوون دەكەن و بەو پێیەش ئەجیندای نەیارانی كورد جێبەجێ دەكەن.
بەداخەوە تا ئێستا هەندێك كەس و لایەن هەن بەبێ دەنگییان لەم هەڵوێستە چەوتەی ئەوان، بۆتە هاندەرێك بۆ بەردەوامبوون لەسەر گیرەشێوێنی و سیاسەتی دژ بە هەرێم و كوردستانیان كە هەر ئەوەشە بۆتە ئەو ملهورییەی كە ئەمڕۆ لەسەر خاكی هەرێم پیادەی دەكات و هیچ حسابێك بۆ هەرێم و حكوومەتەكەی ناكات.
ئەوەتا ئەوە ئەوانن داوا لە حكوومەت دەكەن كە پێویستە پێشمەرگە لەو شوێنانە بكشێتەوە كە ئەوان دەستیان بەسەردا گرتوون.
بە واتایەكی تر ئەوان ئێستا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و ئێمە بە میوان!؟ هەربۆیە PKK ئەو بێ دەنگییە سەبارەتیان بە لایەنگری لەقەڵەم دەدەن، بۆیە وا بێ پەروا لەسەر سیاسەتی كەڵەگایی خۆیان بەردەوامن، چونكە هەر ئەو بێهەڵوێستییەشە پاڵ بەو رێكخراوە ئاژاوە گێرەوە دەنێت كە رۆژ لە دوای رۆژ برەو بە دژایەتی خۆی بدات بەرامبەر بە هەرێم.
فەرموون ئەوە ئەندامێكی سەركردایەتی PKK بەناوی دۆران كلكان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەنالێكی ئاسمانیدا هیچ ناشارێتەوە بە ئاشكرا دەڵێ بە جیاوازی ئایدۆلۆژییەتیانەوە لەگەڵ ئێران -كە دیارە ئێستا ئەو جیاوازیەشیان نەماوە- هاوڕان و سیاسەتیان سەبارەت بە ناوچەكە وەكو و یەكە و ئەوانیش دژی سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستانن.
جا هەر بەوەشەوە ناوەستێت و دەڵێ » ئێمە رووبەرووی پێشمەرگە دەبینەوە چونكە ناسنامەی پێشمەرگە ناسنامەیەكی مەترسیدارە لەسەر دەوڵەتانی عێراق و سوریا و ئێران و توركیا« چونكە پێشمەرگە » لەهەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەدان « و » كوردستان مافی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە!!«
ئێتر رەوایە حزبە كوردیەكانی هەرێمی كوردستان -لەژێر هەر پاساوێكدا بێت- دژی ئەم هەرزە گۆییەی ئەم كابرایەو حزبەكەی نەبن و بێ دەنگی بەرامبەر هەڵبژێرن؟؟.