سۆسیالیست وەڵامێكی توندی شاناز ئیبراھیم دەداتەوە

خواكوڕك
دوای ئەوەی شاناز ئیبراھیم, لێپرسراوی كۆمیتەی ڕێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبی سۆسیالیست دیموكراتیی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكات كە ”لەپێناوی شوێنی كورسییەكەیان، یادی كیمیابارانیان بەجێ هێشتووە” بەرپرسێكی سۆسیالیست بۆ شاناز دەنوسێت” گەورەیی كەسەكان لە كەسایەتییانە نەك كورسییەكەیان”

فەرھاد تۆفیق، ڕاوێژكاری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان, لە بارەی قسەكانی شاناز گوتی:” ئەگەر شوێن پێوەر بێت، جگە لە بنەماڵەی شەھیدان و قوربانییان، كاكە حەمە لە ھەموو كەس شایستەتر بووە كە شوێنی شیاوی بۆ دابنرێت، لە دوای كیمیابارانەوە كاكە حەمە لە ھەموو بۆنەكاندا بەشداریی كارای ھەبووە، ئەوەی پێی كرابێت بۆ ھاوكاریی ھەڵەبجە كردوویەتی، كاكە حەمە خۆی بە میوان نەزانیوە تا چاوەڕوانی ئەوە بێت شوێنی میوانی بۆ دابنرێت، خۆی بە خاوەن ماڵ زانیوە، جگە لەوە كاكە حەمە گرفتی شوێنی نەبووە، ئەو ڕۆژە میوانی ھەبووە، خۆشی لەبەر یادەكە لە ئەورووپا بەپەلە گەڕاوەتەوە”.
ئەو ڕاوێژكارەی مەكتەبی سیاسیی سۆسیالیست پێی وایە، ھیچكات گرفتی كورسییان نەبووە. بۆیە فەرهاد تۆفیق لە وەڵامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەددا دەڵێت: ”گرنگیی مرۆڤەكان بە كەسایەتیی خۆیانەوەیە نەك كورسی، كاكە حەمە لە ھەر شوێنێك بێت، گەورەیی دەدات بەو شوێنەی لێی دادەنیشێت، ڕیزی خۆمان بە خۆمانەوەیە نەك كورسی”.

Back to top button