رێگەیەكی نوێ بۆ وەرگرتنی پارە لە دەروازەیەکی سنووری سلێمانی زیادی كردووە
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاشکرای دەکات،” رێگەیەكی نوێ بۆ وەرگرتنی پارە لە دەروازەیەکی سنووری سلێمانی زیادی كردووە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک.
كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیوویەتی: ”رۆژانە بڕی دوو هەزار دینار وەردەگیرێت لە هەموو ئەو بارهەڵگرانەی لە ئێرانەوە بە بەتاڵی و بێ بارکردنی کاڵا و شمەک دێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بە دەروازەی پەروێزخان تێدەپەڕن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی 22 هەزار دیناری دیکەش لەو بارهەڵگرانە وەردەگیرێت.“
دەشڵێت:” ئێستا هەر بارهەڵگرێك بە بەتاڵی لە ئێرانەوە بۆ نێو هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە، بڕی 24 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، چونكە پێشتر 22 هەزاریان بە ناوی (تەعقیم، قەپان)ەوە لێی وەردەگرت و رۆژانە لەو دەروازەیەوە، سەدان بارهەڵگر بەبێ بار و بە بەتاڵی لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە نێو خاكی هەرێمی كوردستان، سەرجەمیان دەبێ ئەو پارەیە بدەن.
باس لەوەش دەکات كە ئەو رێگە تازەیەی لە دەروازەكە دۆزراوەتەوە، بۆ دەوڵەمەندكردنی چەند كەسێكە.