سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات
رۆژی پێنجشەممە 6ی تەمموزی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مایك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە خاتوو رۆزی كەیڤ كونسوڵی بریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و هەروەها هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق تاوتوێ كرا.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بۆ پاراستنی شەرعیەت و بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە بێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك بەڕێوە بچن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و، باڵیۆزی بریتانیا جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی نێوان بریتانیا و هەرێمی كوردستان كردەوە و سەرۆك بارزانیش وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و بریتانیا، خوازیاری قووڵتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا بوو.
شایانی باسە بەڕێز مایك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كە كۆتایی بە ئەرك و كارەكانی لە عێراق هاتووە، ماڵئاوایی لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانی سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكانی باڵیۆزی بریتانیای كرد و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.