سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر دەكات
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 6ی تەمموزی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كە كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا بەبۆنەی كۆتایهاتنی بە ئەرك و كاری لە هەرێمی كوردستان و بە مەبەستی ماڵئاواییكردن ، سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك ماكرۆن بە سەرۆك بارزانی، رۆڵ و جێدەستی سەرۆك بارزانیی لە پاراستنی پڕۆسەی سیاسی و چارەنووسی گەلی كوردستان بە كاریگەر و سەرەكی لەقەڵەم دا. هەروەها پێزانینی زۆری بۆ خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو و خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند كە توانیویەتی لە كوردستاندا دۆستی زۆر پەیدا بكات. هاوكاتیش خەبات و قوربانیدان و ماندووبوونی گەلی كوردستانی بۆ گەیشتن بە ئازادی بەرز نرخاند. ئەوەشی خستەڕوو لە هەموو ئاستێكدا چ لەناو حكوومەت و چ لەناو خەڵك و رای گشتیی فەڕەنسادا ویستی ئەوە هەیە كە دەبێ فەڕەنسا دۆست و پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای دووپاتكردنەوەی دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و فەڕەنسا، سوپاسی هەوڵ و كارە باشەكانی بەڕێز ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی فەڕەنسای كرد لەماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان و بە دۆستێكی باشی خۆی و گەلی كوردستانی وەسفكرد. هەورەها هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.
بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.