شاندێکی پارتی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیێتییەك لەکەرکووک سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات

باقی ساڵەیی، ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی كەركووك – گەرمیانی پارتی و سەرۆكی شاندەكەی پارتی بۆ دیداری لایەنە سیاسییەكانی كەركووك، رایگەیاند: “دیارە کەرکووك بە لای پارتییەوە شارێكی كوردستانی گرنگە و لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كە داگیر كرا، كار دەكەین بۆ ئەوەی كەركووك لەو دۆخە نەخوازراوە دەربهێنین.”
ئەوەشی زیاد کرد، “وەك پارتی لە كەركووك بەجیا سەردانی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستانمان كرد، و تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانمان كرد كە چۆن بتوانین بۆ ئەو هەڵبژاردنە لیستی كوردی بەهێز بێ و دەنگی كورد لە كەركووك پەرتەوازە نەبێ و پێمان خۆشە ئەو لایەنە سیاسییانە لەو لیستەی ئێمە پێكەوە بەشداری بین و چاوەڕێی وەڵامی ئەو لایەنانە دەكەین بۆ هاوپەیمانی.”