سەرتیپ جەوهەر: 8ـی تەمموز یەكێتیی لەحزبێكی بەڕێوەبردنی دەستەجەمعی كردە حزبی (خێزان) و تاكە كەسی
ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر كودەتای ناوخۆی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان تێدەپەڕێت.
8ی تەمموز كۆتایی بەژیانی حیزبیی و رێكخراوەیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان هێنا. پەیرەوی ناوخۆو پرەنسیپە بنەڕەتیەكانی ژیانی حیزبایەتی پێچرانەوە. یەكێتیی لەحیزبێكی مۆدێرنی دیموكراتەوە كردە حیزبێكی بێ شوناس و ناونیشان. هەروەك لەحزبێكی بەڕێوەبردنی دەستەجەمعی بوو حیزبی (خێزان) و تاكە كەسی.
8ی تەمموز یەكێتی لەمێژوو و رابردووی خۆی دابڕی، ئەوەی ئێستا، پەیوەندی بەتێگەیشتن و بیروباوەڕی مامجەلال و هاوەڵانیەوە نییە، بەدەرە لەو مێژووەی كە پێشتر جەماوەرو دەنگدەری یەكێتیی لەسەر پێی ئاشنابوون.
تۆماری رووداوەكان، بڕیارو لێكەوتەكانی دوای 8ی تەمموز پەیوەندی بەفكرو تێگەیشتن و ئەدەبیات و فەرهەنگی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و فكری سۆسیالست دیموكراتەوە نییە.
وێنەی ئەو مێژووە نوێیە، ئەو دیمەن و رووداوانەن كە لەدوای 8ی تەمموز رۆژانە دەیبینین و دەیبیستین.
8ی تەمموز برینێكی قوڵ و كوشندەی لەجەستەی ئەو حیزبە كرد، جەماوەری یەكێتیی و ئەوانەی ئومێدیان پێی بوو سەرگەردان كرد. ئەو یەكێتییەی ئێستا لەچەند لاوە بریندارە، خوێنێكی زۆری لەبەر رۆیشتووە، گەر فریای نەكەون خەریكە دەبێتە جەستەیەكی ساردو سڕ!