لە كابینەی نۆیەمدا 12 ناوچە پیشەسازی لە قۆناغی دروستکردن و تەواوبووندان
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند: “لەم كابینەیەدا، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران، بڕیار درا پەرە بە ناوچەی پیشەسازی بدرێت و لە بەرنامەی دەستەی وەبەرهێنانە، کە 16 ناوچەی پیشەسازی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بەشێك لە قەزاكانیش دروست بكرێن و ئاسانكارییش بۆ دروستكردنی ئەو ناوچانە بكرێت، تا پەرە بە بواری پیشەسازی بدرێت.”
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئێستا لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان زەوی بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان کراوە و لە قۆناغی جێبەجێكردندان. لە بەشێكیشیان گەیشتووینەتە قۆناغی بنیاتنانی بیناسازی و ئەمساڵ و ساڵی ئایندە کوردستان دەبێتە خاوەنی چەند ناوچەی پیشەسازی، كە خزمەتگوزاری تەواوی كارەبا و ئاو و رێگاوبان و ئاوەڕۆیان بۆ جێبەجێ کراوە.
وردەکاری ناوچە پیشەسازییەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
– ناوچەی پیشەسازی دهۆك، لە قۆناغی جێبەجێكردندایە.
– ناوچەی پیشەسازی عەربەت لە سلێمانی، لە جێبەجێكردندایە.
– ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، خەریكە دەچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.
– ناوچەی پیشەسازی هەڵەبجە، نزیكە كاری تێدا بكرێت.
– لە هەولێر دوو ناوچەی پیشەسازی دەستنیشان كراون و كاری زەوییان ماوە.
– ناوچەی پیشەسازی سۆران، خەریكە جێبەجێ دەكرێت.
– ناوچەی پیشەسازی ئاكرێ، خەریكە بچێتە واری جێبەجێكردنەوە.
– ناوچەی پیشەسازی بەردەڕەش، نزیكی دەستپێكردنە.
– لە گەرمیان ناوچەیەكی پیشەسازی كاری تێدا دەكرێت.
– لە سلێمانی جگە لە عەربەت، ناوچەیەكی دیكەی پیشەسازییش هەیە.
– ناوچەیەكی دیكەی پیشەسازی لە گەرمیان رەزامەندی و رێكارەكانی تەواو بووە.
#Xwakurk #خواکوڕك