یەکێتی دونیایەک قەیرانی تووشی سلێمانی کردووە
لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەمموزی 2021 سلێمانی دوو ساڵی قورسی بەڕێ كرد بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، ئەو رووداوانەش تەنیا بۆ ناوخۆی یەكێتی گرفت و كێشە نەبوون، بەڵكو بوونە گرفتی گەورە لە بەردەم كارەكان و بەرنامە و پلانەكانی حكومەت.
ناسر ئیسماعیل شارەزای ئابووری رایگەیاند، لە دوای رووداوە ناوخۆییەكانی یەكێتی لە دوو ساڵی رابردوودا، زۆرترین گرفت بۆ حكومەت دروست كرا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، یەكێك لەوانە حكومەتی هەرێم داهاتێكی كەم و سنووداری هەبوو، پشتی بەو داهاتە بەستبوو بۆ دابەشكردنی مووچە و هەموو كەرتەكانی تر، بەڵام ئەوانەی دەسەڵاتی سلێمانییان بە دەست بوو، داهاتیان نەدەگەڕاندەوە و گرفتیان بۆ حكومەت دروست دەكرد، بەهۆیەوە مووچە لە سنوورەكە دوا دەكەوت و نەیاندەتوانی مووچە لە كاتی خۆی دابەش بكەن، پارە لە بانكەكان نەدەما، ئەمە چەندان جاریش پەرلەمانتاران و وەزیری داراییش بە ئاشكرا باسیان لێ دەكرد كە لە سلێمانی چی بە داهات و پارەی میلەت دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، حكومەت مانگانە بۆ مووچەی پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 260 ملیار دیناری دەنارد بۆ ئەوەی مووچە دابەش بكرێت كە 81%ـی مووچەی پارێزگای سلێمانی دەكرد، بەڵام لە سلێمانییەوە نەدەتوانرا ئەو بڕەی دەمێنێتەوە كۆی بكەنەوە و بیدەنەوە بە خەڵكی سنوورەكە، ئەمە جگە لەوەی هیچ پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكیش بۆ سنوورەكە نەكراوە و گرنگیی پێ نەدراوە و پارە بۆ پڕۆژەكانیش خەرج نەدەكرا.
كاوە ئەحمەد چاودێری سیاسی رایگەیاند، لە دوای رووداوەكانی هەشتی تەمووز، ئەوە رووی نەدا كە ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی و دەرەوەی یەكێتیش چاوەڕێیان دەكرد، ئەوەی دەگوترا باڵێك هۆكاری خراپی دۆخەكەیە و لە هەشتی تەمووز وەلا نرا، دوای هەشتی تەمووزیش نەک هەر بەهەمانشێوە بەردەوام بوو بگرە خراپتریش بوو، دروستكردنی كێشە و هەوڵدان بۆ نائارامی و سەقامگیری هەرێم و دژایەتیكردنی حكومەت، نەگەڕاندنەوەی داهات بۆ حكومەت و سزادانی خەڵكی سلێمانی بۆ مەرامی سیاسی و چەواشەكردن، بردنی داهاتی سلێمانی و گەندەڵی و بەردەوامی قاچاخی و نەدانی مووچە و پارەی بانكەكان.
ئەوەشی گوت، سنووری دەسەڵاتی یەكێتی بەردەوام كێشەی تێدا بووە، لە هەمووی قورستر چەتەگەرایی و مافیاگەرایی و هەڵكوتانە سەر خەڵك و ترساندن و تۆقاندن و هەڕەشە جووڵاندنی هێز، سزادانی خەڵك و دەستێكەڵكردن لەگەڵ حەشد و نەیارانی كورد، رادەستكردنی دەستكەوتەكان بە بەغدا، هەروەها لەناو حزبەكەی خۆیان سزای خەڵك دەدەن، تەسفیەی حیسابات دەكرێت، لە رووی خزمەتكردنەوە نەیانتوانیوە دڵی خەڵكی سلێمانی خۆش بكەن، پەلاماری مامۆستای زانكۆ و زۆر شتی تر كە لە دوای هەشتی تەمووز هاتووەتە ئاراوە، دواین كاریشیان دواخستنی هەڵبژاردن بوو لە هەرێمی كوردستان.