كەرتی تەندروستی لە كابینەی نۆیەمدا.. رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و پەتا كوشندەكان و سەدان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی

بەپێی راپۆرتێكی فراوان و تایبەت و داتای ورد، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، تیایدا وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە داتا، كار و چالاكییەكانی خۆی بۆ ماوەی ئەو چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستووەتە ڕوو، كە لەم ماوەیەدا، ئەو وەزارەتە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی تەندروستی ئەنجام داوە.

دامەزراندنی پزیشكان

بەپێی راپۆرتەكە، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا، دوو هەزار و 185 پزیشكی بۆ نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە، بە شێوەیەك، لە ساڵی 2018، دامەزراندنی 352 پزیشك. لە ساڵی 2019 دامەزراندنی 384 پزیشك. لە ساڵی 2020 دامەزراندنی 382 پزیشك. لە ساڵی 2021 دامەزراندنی 424 پزیشك و لە ساڵی 2022 زۆرترین دامەزراندنی بۆ پزیشكان هەبووە، كە ژمارەیان گەیشتووەتە 642 پزیشك.

كۆنتڕۆڵی تالاسیما

بەپێی ئەو بەرنامە و پلانەی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەخۆشیی تالاسیما لە هەرێمی كوردستان دایناوە، ژمارەی تووشبوان بە شێوەیەكی بەرچاو لە ساڵی 2019 تاوەكوو 2022 كەم بوونەتەوە، بە شێوەیەك، ئەگەر چەند ساڵێكی دیكە وا بڕوات، ئەوە بەتەواوی لە هەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵی تووشبوان بەو نەخۆشییە دەكرێت، كە بەپێی راپۆرتەكە، ئێستا بۆ هەر دوو كەسێك بەنیازی هاوسەرگیری بن پشكنین دەكرێت و بۆ هەر منداڵێكی لەدایكبووش پشكنین دەكرێت، ئەوەش وای كردووە بەپێی ساڵەكان ڕێژەكە بەرەو كەمبوونەوە بڕوات، بە شێوەیەك، لە هەزاران حاڵەتەوە بۆ پارساڵ 2022 بووەتە تەنیا 67 حاڵەت.

كۆنتڕۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان

هەر بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بۆ هەر بابەتێك زانیاری و داتای ورد خراونەتە ڕوو، لە ماوەی ئەم كابینەیەدا، كۆنتڕۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كراوە، لەوانە دەرنەكەوتنی هیچ حاڵەتێكی نەخۆشیی ئیفلیجیی منداڵان و هیچ حاڵەتێكی نەخۆشیی مەلاریا و نەخۆشییە گوازراوەكانی دیكە، كە بە شێوەیەك لەژێر كۆنتڕۆڵدا بوون.

پەتای كۆڕۆنا و رووبەڕووبوونەوە

بەپێی ئەو داتا وردانەی، كە لە راپۆرتەكەی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە، سەبارەت بە پەتای كۆڕۆنا لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە وڵاتانی پێشكەوتوو، ئەوا هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو پەتایە بووەتەوە، بە شێوەیەك، ئەگەر ئەو رێوشوێنە پێویستانە نەبوونایە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای پەتاكەوە گرتیە بەر، ئەوا ژمارەی قوربانی و تووشبوان و مردوان زۆر زیاتر لەوە دەبوو، كە تۆمار كراوە.

راپۆرتەكە بە شێوەی داتا و گرافیك، هەموو ئەو كار و چالاكییانەی تیادا خراوەتە ڕوو، كە لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو پەتایە، هەر لە ڕێوشوێنەكانەوە تا دەگات بە پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان، گیراونەتە بەر.

شێرپەنجە

بەهۆی ئەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە ئێستا بووەتە نەخۆشییەكی مەترسیداری جیهانی و ساڵانە 19 ملیۆن كەس تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن و 10 ملیۆنی پێ دەمرن، وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێ ناردووە، زۆر گرنگیی بە چارەسەرییەكانی ئەو نەخۆشییە و رووبەڕووبوونەوەی داوە. لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی شێرپەنجە بە 113.6 دیاریكراوە بۆ هەر 100 هەزار كەسێك، كە 39٪ یان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە هاتوون، بەڵام بە گشتی رێژەكە 197 بۆ هەر 100 هەزار كەسێك دیاری كراوە، كەوابێت لە هەرێمی كوردستان رێژەكە كەمترە لە ڕێژەی دیاریكراو، ئەوەش هەمووی پەیوەندیی بەو ڕێوشوێن و تەرخانكردنی پارەوە هەبووە بۆ چارەسەر و رێگری لێكردنی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە لە راپۆرتەكەدا تەواوی وردەكارییەكانی خراوەتە ڕوو.

پڕۆژەكانی وەزارەتی تەندروستی لە چوار ساڵدا

وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا، دەیان پڕۆژەی بۆ باشكردنی رەوشی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان هەبووە، بەشێك لەوانە:

– دیزاین و دروستكردنی نەخۆشخانەی گشتیی سیدەكان.

– دروستكردنی بنكەی تەندروستی لە جۆری A لە ناحیەی پیران – مێرگەسوور.

– نەخۆشخانەی لاڤ لاڤ بۆ چاودێریی چڕ لە هەولێر.

– دروستكردنی بنكەی تەندروستیی شاری سانا لە هەولێر.

– دروستكردنی بنكەی تەندروستیی شاری مامۆستایان لە هەولێر.

– دروستكردنی بەشی راوێژكاریی شكان لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژهەڵات- هەولێر.

– نۆژەنكردنەوەی بنكەی تەندروستیی برایەتی لە هەولێر.

– دروستكردنی بنكەی تەندروستیی بەحركە.

– دروستكردنی نەخۆشخانەی (سوبحی یەعقووبی)ی منداڵان.

– نۆژەنكردنەوە و فراوانكردنی نەخۆشخانەی منداڵان لە ئامێدی.

– دروستكردنی بەشی لەدایكبوون نەخۆشخانەی فریاكەوتن لە ئاكرێ.

– فراوانكردنی نەخۆشخانەی هێڤی و دروستكردنی بەشی شێرپەنجەی منداڵان.

– دانانی كارگەی ئۆكسجین.

– دیزاین و دروستكردنی نەخۆشخانەی 50 قەرەوێڵەیی لە چەمچەماڵ.

– هاوبەشیی لە دروستكردنی نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی.

– دروستكردنی نەخۆشخانەی دڵی منداڵان.

– دروستكردنی نەخۆشخانەی ژیان بۆ كۆڕۆنا (ڕاپەڕین).

– دروستكردنی بنكەی تەندروستیی كەورگۆسك.

– دروستكردنی بنكەی تەندروستی لە گەڕەكی كوورانی نوێ لە هەولێر.

– فراوانكردنی نەخۆشخانەی پسپۆریی نەشتەرگەری، سەنتەری دڵ لە هەولێر.

– دابینكردن، داننان، كارپێكردن، كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆكسجین.

– دروستكردنی بنكەی تەندروستیی سێبیران لە خەبات.

– دابینكردنی سیستەمی هەوایی پزیشكی لەگەڵ سیستەمی ڤاكیۆم بێد هێدبو بۆ نەخۆشخانەی شەقڵاوە.

– تێكدان و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی بنكەی تەندروستیی ئازادی لە هەولێر.

– سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری تیشك لە هەولێر.

– دروستكردنی نەخۆشخانەی هەوارهاتنی بەردەڕەش.

– دروستكردنی نەخۆشخانەی 100 تەختی لە بەردەڕەش.

– دروستكردنی نەخۆشخانەی لاف لاف لە دهۆك.

– دروستكردنی بەشی ڕاوێژكاریی ئافرەتان لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون – هەولێر.

Back to top button