مەسرور بارزانی لە یەك رۆژدا وەڵامی پرسیاری 98 پەرلەمانتاری دایەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی 7ـی 2023، چوار ساڵ بەسەر راگەیاندنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، 96 جار بەرپرسانی باڵای حكومەت و وەزیرەكانی چوونەتە پەرلەمان، 275 جاریش چوونەتە بەردەم لیژنەكانی پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری لیژنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستانیان داوەتەوە.
لە پێنجی ئۆكتۆبەری ساڵی 2020 مەسرور بارزانی چووە بەردەم پەرلەمان، بە راشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی 98 ئەندامی پەرلەمان پرسیاریان ئاراستەی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی و تیمی یاوەریان كرد.
دواتر رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەر لەوەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی وەڵامی پرسیارەكانی پەرلەمانتاران بدەنەوە، رایگەیاند: 98 پەرلەمانتار پرسیاریان ئاراستەی سەرۆكی حكومەت كردووە و ئەمەش زۆرینەی رەهایە، هەروەها رەخنەشی لەو پەرلەمانتارانە گرت كە هۆڵی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان جێهێشتبوو ‌و رای گەیاند، پێویست بوو لێرە بوونایە و گوێیان لە وەڵامەكان بگرتایە.
هەر لە چوار ساڵی رابردوودا، پەرلەمانتاران چوار هەزار و 313 پرسیاریان ئاراستەی حكوومەت و وەزارەتە جیاوازەكانی كردووە، وەڵامی سێ هەزار و 862 پرسیاریان دراوەتەوە.
Back to top button