سەدان هەزار مووچەخۆر دەبنە خاوەن هەژماری بانکی
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “گرنگترین شت کە لە کابینەی نۆیەم کراوە، ئەوەیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتی بە دیجیتاڵ کردنی حوکمڕانیە کە لە وشە و قسەکردن گواستراوەتەوە بۆ جێبەجێکردنێکی کردەیی، لەسەر بنەمایەکی زانستی و دروست
راشیگەیاند: “ئەوەی کە کراوە لە بابەتی بە دیجیتاڵ کردنی حوکمڕانی زۆرە، بەڵام لێرەوە ئەو مژدەیەش بە هاووڵاتییان دەدەن کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران ئەوەی لە داهاتوو بۆ خەڵک دەکرێت زۆر زیاترە، چونکە ئیشە قورسەکە کراوە کە دانانی ژێر خانە و ستراتیژ هەیە، ئێمە لە قۆناغی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانین یەک لە دوای یەک، یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکان کە سەرۆکوەزیران رایسپاردوین پڕۆژەیەکە بەناوی (پۆرتاڵی من) ئەو پۆرتاڵە شوێنێک دەبێت کە گشت ئەو خزمەتگوازیانەی ئێمە نوێیان دەکەینەوە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە دەخرێتە بەر دەستی هاووڵاتییان، ئەوکات لە جیاتی ئەوەی هاووڵاتی سەردانی دامودەزگاکانی حکومەت بکات، هەموو خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە هەموو شێواز و لە هەموو شوێنێک لەبەر دەست دەبێت”.
هەروەها باسی لە پڕۆژەی (هەژماری من) کرد و گوتی: “پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ژێرخانی تەکنیکی و ئەو سۆفت وێرانەی پێویستە دابینی دەکات، پێشبینی دەکەم لە ماوەی شەش مانگدا بە سەدان هەزار مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان، ژمارەیەک لەسەر بنەمای ستانداری جیهانی دروست، ئەوکات ئامادەکردنی لیستی مووچە بە ئەلیکترۆنی دەکرێت و پێدانی مووچەش دەبێتە ئەلیکترۆنی، دەمانەوێت لە ماوەی دوو ساڵدا هەموو مووچەخۆران کە ژمارەیان میلۆنێک و 200 هەزارە لەو رێگەیەوە مووچە وەربگرن”.