کابینەی نۆیەم توانیویەتی ٩٩٧ پڕۆژە بە گوژمەی ٦.٣ تریلیۆن دینار لەبواری رێگاو بان جێبەجێ بکات
د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، رایگەیاند: ” ٨٠٪ـی ئەو بەڵێنانەی کە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هەبوون و بەڵێنی جێبەجێکردنیان درا، سەرەڕای ئەو قەیرانانەی کە رووبەڕووی کابینەکە بوونەوە، بەدیهاتوون.”
لەبارەی رەخساندنی هەلی کاریشەوە، د.جوتیار عادل، ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی کار و پڕۆژەکانی حکومەتەوە لە ماوەی چوار ساڵی کابینەدا نزیکەی ١٠٠ هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و دەیان هەزار هەلی کاری ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان رەخسێنراوە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دەست بەکاربوونیەوە هەنگاوی جدی بۆ چاکسازیی هەڵگرت و لەو بارەشەوە سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: ” لەم کابینەیەدا ئەنجومەنی گشتیی راژە دامەزرا، یاسای چاکسازی لە مووچە و دەڕماڵە و بەخشین و خانەنشینی دەرچوێنرا و سێ راپۆرت لەو بارەیەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کرا.”
ئاماژەشی بەوەدا کە لەبواری کەمکردنەوەی رۆتین، کابینەی نۆیەم ٢٨ خزمەتگوزاریی بە ئەلیکترۆنی کرد، کە کاریگەریی لەسەر زووتر راییکردنی کاروباری هاووڵاتییان هەبووە و هەر لە ماوەی ئەو کابینەیەشدا سەرجەم بەرپرسانی باڵای حکومەت، فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندی داراییەکان پڕکردووەتەوە.
لە سێکتەری تەندروستیشدا کابینەی نۆیەم چەندین کاری ئەنجامداوە و لەو چوارچێوەیەشدا کۆگای ناوەندی نیشتمانی بۆ دەرمان دامەزراندووە و نرخی چەند جۆرێکی دەرمانی لە دەرمانخانە حکومییەکان یەکخستووەتەوە.
لە بواری سەربازیشدا کابینەی نۆیەم توانیویەتی چاکسازی دیار لە هێزی پێشمەرگە بکات. د.جوتیار عادل دەڵێت: ” لەم کابینەیەدا لیوا هاوبەشەکان لە ١٤ لیواوە بوونەتە ٢١ لیوا و لە هەمان کاتیشدا هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەکداری و چەکی بێمۆڵەت بەردەوام بوون، ئەوەش لەپێناو بەرقەرار کردنی یاسا لە هەرێمی کوردستان.”
سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی کە رووبەڕووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوویەوە، بەڵام توانرا لە ماوەی ئەو چوارساڵەدا لە بواری تەندروستی ٨٣ پڕۆژە جێبەجێ بکرێت و لە کەرتی کارەباشدا ٧٠٢ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنرێت و بخرێتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی. لە هەمان کاتیشدا بە دانانی پێوەری زیرەک و سیستەمی پریپەید ١٠٪ رێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبا کەم کراویەوە و گرنگی بە بەرهەمهێنانی کارەباش لە رێگەی وزەی خۆرەوە درا و تا ئێستاش ١٢ مێگاوات کارەبا لەو رێگەیەوە بەرهەم هێنراوە.
راشیگەیاند: ”لە بواری پەروەردەشدا لە کابینەی نۆیەم ٢٦٠ پڕۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندنی جێبەجێکراون و زیاتر لە ١٩ هەزار قوتابی سەرشەقامیش گەڕێندراونەتەوە بۆ خوێندن.”
بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو کابینەی پلانی تۆکمەی هەبووە و لەو چوارچێوەیەشدا توانی چوار بەنداوی ستراتیژیی بە گوژمەی ٢٤٣ ملیار دینار دروست بکات و ٢٢ پۆندیش نۆژەن بکاتەوە و ٤٢ پۆندی دیکەش لەبواری جێبەجێکردندنان، ئەمە جگە لەوەی کە ٥ ملیار دیناری بۆ رێگریی کردن لە دروستبوونەوەی لافاو تەرخان کردووە.
لە بواری رێگا و بانیش کابینەی نۆیەم توانیویەتی ٩٩٧ پڕۆژە بە گوژمەی ٦.٣ تریلیۆن دینار لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و تا ئێستاش ١٣٨ هەزار کرێکار دەستەبەرکراون.
گرنگیدان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان یەکێکی دیکە بووە لە کارە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا توانراوە رێژەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان تەرخان بکات و بەردەوامیش پاڵپشتی دارایی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بووە.
هەر لەم کابینەیەشدا گرنگییەکی زۆر بە بواری بازرگانی و پیشەسازی دراوە و لەو بارەیەوە د.جوتیار عادل رایگەیاند:” مۆڵەت بە ٧٨٦ کارگەی بازرگانی و پیشەسازی دراوە، کە گوژمەکەیان ١.٧٥ ملیار دۆلار بووە و زیاتر لە ١٣ هەزار هەلی کاریان بۆ هاووڵاتییان رەخساندووە. لە هەمان کاتدا گرنگییەکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵی داوە و هەر لەم سێکتەرە ١٩٠ پڕۆژەی جیبەجێکردووە، لە سێکتەری گەشتوگوزاریش ٦٣ پڕۆژەی جیبەجێکردووە.
کابینەی نۆیەم ژینگەیەکی گونجاویشی بۆ وەبەرهێنەران رەخساندووە و لەماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا مۆڵەتی کارکردنی بە ٢٧٧ پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە کە سەرمایەکەیان ١٣.٥ ملیار دۆلار بووە.