مامۆستایەکی زانکۆ: پارتی لیست لەگەڵ یه‌كێتی دروست نەکات، یەکێتی ده‌ست ده‌كات به‌ هه‌ڵمه‌تی میدیایی و جنێودان‌ لە پەیجەکانەوە

بەهۆی بێزاربوونی خەڵکی سلێمانی و زیاتربوونی گەندەڵی لە سنوورەکە و بوونی نەوەی نوێ و دەنگۆی دروستکردنی لیست لەلایەن لاهور جەنگییەوە، سەركردەكانی یەكێتی ترسێکی زۆریان لێنیشتووە لە پاشەكشەی دەنگەكانی ئەو حیزبە، ئەمەش وای كردووە كە یەكێتی هەم بەردەوام لەمپەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست بكات، هەمیش تووشی سەرلێشێوان بێت، ئەمەش بەروونی بە رەفتاری سەركردەكانی حیزبەكەوە دیارە.

لەمبارەیەوە رزگار عیسا كۆچه‌ر، مامۆستای زانكۆ، گوتی: ”هه‌موو هه‌وڵی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ سلێمانی له‌ده‌ست بمێنێته‌وه‌، تەنانەت ئەگەر لە رێگەی هێزی چه‌كدار و به‌ نماییشی سه‌ربازیش بێت، گەرچی وەکو ژمارەی دەنگ و كورسی یەكێتی لەمێژە سلێمانی لەدەست داوە، تەنیا لەڕووی ئابووری و سەربازی و ئەمنی و ئەجیندای ئیقلیمییەوە لە سلێمانییدا دەسەڵاتدارە.“

روونیشی كردەوە: ”‌یه‌كێتی ماوه‌یه‌ك لووتبه‌رز بووبوو، نه‌ده‌چووه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی، ئێستا ده‌زانێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ ناهێنێت، هاتووەتەوە بەردەرگای پارتی و دەیەوێ رازی بكات به‌وه‌ی لیستی له‌گه‌ڵدا دروست بكات، بۆیه‌ یه‌كێتی ئه‌گه‌ر زانی ئه‌وه‌ ناكرێت، ئیتر له‌ په‌یجه‌كانه‌وه ده‌ست ده‌كاتەوە به‌ هه‌ڵمه‌تی میدیایی و جنێودان‌.“

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئەوەشی روونکردەوە كە هەرچەندە بافڵ تاڵەبانی لە رێگەی نماییشی سەربازییەوە هەڕەشە لە باڵەكەی لاهور جەنگی دەكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لاهور جەنگیش هێزی چەكداری نهێنیی هەیە، هەروەها لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا ئەویش هاوشێوەی یەكێتییەكەی ئێستا دەستی لە هیچ شتێك نەپاراستووە، بۆیە ئەگەری توندتربوونی زیاتری بارودۆخی ناو یەكێتی هەیە.

Back to top button