گومان دەكرێ یەکێتی دەستی لە تیرۆركردنی دوو ئەندامەكەی حیزبی دیموكراتدا هەبێت

رۆژنامەنووسێکی رۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری نوێ لە بارەی تیرۆرکردنی دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات ئاشکرای دەکات و، گومان دەكرێ یەکێتی دەستی لە تیرۆركردنی دوو ئەندامەكەی حیزبی دیموكراتدا هەبێت.

لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئەرسەلان یارئەحمەدی رۆژنامەنووسی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نووسیوویەتی:” بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیانە، لە تیرۆركردنی دوو ئەندامی حیزبی دیموکرات بە ناوەکانی عادل موهاجیر خەڵکی گوندی پەسوێی پیرانشار و لوقمان ئاجی خەڵکی گوندی گەرگوولی خواری پیرانشار لە ناوچەی گەشتیاریی هەڵشۆ سەر بە قەڵادزێ، تیمێکی تایبەتی هێزەکانی سوپای پاسداران بەشدارییان کردووە و کە زیاتر بوون لە پێنج کەس، پێشتر لەو شوێنە جێگیر بوون و (ڕ. ئازەرەخش) ئەم دوو کەسەی بە ناوی گەشت و سەیران بردووە بۆ ئەوێ و دواتر ئەو تیمە ئەو دوو ئەندامەی دیموکراتیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە.

هەروەها نووسیوویەتی: “سەرباری ئەوەی زیاتر لە 30 فیشەکیان لەسەر و سینگی ئەو کەسانە داوە، تەنانەت قامکەکانی عادل موهاجیریان بڕیوە، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە تەنیا پێنج قەوانی فیشەكەكان لەو شوێنە دۆزراونەتەوە.”

باسیشی لەوە كردووە كە: “ئێستا ئەو پرسیارە لەئارادایە؛ ئایا ئەو تیمە تیرۆریستییەی کە چەندین جۆر چەکیان پێ بووە، بە قاچاخ هاتوونەتە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان یان بە پاسپۆرت؟ ئەوەشی کە چۆن گەڕاونەتەوە؟ پرسیارێکی دیکەیە و دەبێ چاوەڕوان بن و بزانن ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها کۆمیتەی ئەمنییەتی حیزبی دیموکرات چی دەبێت، ئەمەش وەک گومانێک لە سەر هەبوونی بەرپرسانی ئەمنیی یەکێتی کە لەو ناوچەیە دەسەڵاتدارن.

Back to top button