بەمزووانە کتێبێکی دیکەی سەرۆک بارزانی دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران
بەمزووانە چاپی یەكەمی نوێترین كتێبی سەرۆك بارزانی، (بەرگی شەشەمی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) لەژێر ناونیشانی (كوردستان و عێراقی نوێ، 2003-2016) بە زمانی كوردی دەكەوێتە بەر دەستی خوێنەران
كتێبە تازەكەی سەرۆك بارزانی لە 1234 لاپەڕە و دوو بەرگ پێكهاتووە و باسی قۆناغێكی هەرە گرنگی مێژووی نوێی كوردستان و پێشهاتەكانی مێژوویەكی سێزدە ساڵە دەكات، و لە چواردە بەشی جیا پێك دێت.
لەم كتێبەدا ئاماژە بە بارودۆخی كوردستان و عێراق لەو ماوە گرنگە دەكات و بە وردی باس لەو زنجیرە رووداو و بەسەرهاتانە دەكات كە ژیانی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراقی بردووەتە قۆناغێكی تازە.
شەڕی رزگاری عێراق و رووخانی رژێم و دەستپێكی رۆڵی كوردستان لە عێراقی تازە و قۆناغی مەجلسی حوكم و قۆناغی ئینتیقالی و نووسینەوەی دەستووری تازەی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنەكانی عێراق و ململانێیەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەورەها پێشێلكاری دەستوور و دەیان رووداوی گرنگی تری عێراق لەو كتێبەدا باس كراوە. سەرۆك بارزانی بە وردی باسی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان و هەڵبژاردنەكان و رووداوە گرنگەكانی تری هەرێمی كوردستان لەو ساڵانە دەكات. دوایین بەشی كتێبەكە تازەكەی سەرۆك بارزانی، باسكردنی شەڕی داعش و قارەمانێتی پێشمەرگە و بەرگری گەلی كوردستانە لەبەرانبەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش هەتا ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ.
كتێبی بەرگی شەشەمی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد 94 بەڵگەنامەی گرنگی مێژوویی و سیاسی وەخۆهەڵگرتووە كە پەیوەستن بە رووداوە سیاسیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەنێوان ساڵانی 2003 هەتا 2016. كتێبەكە دەوڵەمەندە بە ژمارەیەكی زۆر وێنەی مێژوویی و هەروەها نەخشەی شەڕەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەدژی تیرۆریستانی داعش.
كتێبی (بەرگی شەشەمی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) لەژێر ناونیشانی (كوردستان و عێراقی نوێ، 2003-2016) لە نووسینی سەرۆك مەسعود بارزانی سەرچاوەیەكی گرنگی زانیاریە بۆ خوێنەران و توێژەران و مێژووناسان و ڕۆژنامەنووسان و سەرجەم چینوتوێژەكانی كوردستان و عێراق.
چاوەڕوان بن…
- #Xwakurk #خواکوڕك