حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە ملیارێك و 305 ملیۆن دیناری بۆ پرۆژەكانی شاری هەولێر دا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە ملیارێك و 305 ملیۆن دیناری بۆ پرۆژەكانی شاری هەولێر دا.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاریدا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە ملیارێك و 305 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر.

پرۆژەكانیش بریتین لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی قیر بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان و پرۆسەی خاوێنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵان، هەروەها دروستكردنی شەقامی نوێ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.

شایەنی باسە لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاو، زیاتر لە 733 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای هەولێر لەلایەن شارەوانییەكانەوە جێبەجێ كراون، جگە لەوە چەندان پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاریش لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون.

Back to top button