ئاسایشی هەولێر ئەم 5 كەسەی دەستگیر كرد کە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەڤیدیۆی نەشیاویان لە خەڵكی كردبوو

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند:” لەلایەن هێزەکانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر)، بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، پێنج تۆمەتبار بە ناوەکانی (م، ح، س)، (ف، ع، ع)، (ک، ی، د)، (أ، ن، ش) و (ر، خ، س) دەستگیر كران کە لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە تایبەت لە (تیکتۆک، تێلیگرام و فیسبووک) هەڵساون بە تۆمار کردن و بڵاو کردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاوی چەند هاووڵاتییەك لە هەردوو رەگەز، دواتر لەبەرامبەر بڵاونەکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییە نەشیاوەكانی هەر کەسێک، داوای بڕێک پارەیان کردووە، هاوكات لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)ەوە خۆیان لە خەڵکانی بەتەمەن کردووە بە ئافرەت و سەرنجیان راکێشاون و گرتەی ڤیدۆیی نەشیاویان پێ تۆمار کردوون، بەم هۆیەشەوە توانیویانە بڕێکی زۆر پارە وەربگرن. بۆیە دوای دەستگیركردنیان، رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیرایە بەر.

لێرەوە داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین، خۆیان لەو جۆرە پەیوەندییانەی بەدوور بگرن کە بە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ كەسانێك دروستیان کردووە كە جێی گومانن و متمانە بە هەموو کەسێک نەکەن تاوەكوو نەبنە قوربانی و گیرۆدەی ئەم حاڵەتانە نەبن.

 

Back to top button