بەهۆی رەخنە گرتن لە یەکێتی مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی دوور خرایەوە

مامۆستایەکی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی بەناوی د. شازاد جەمال لە نووسینێکدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی گواستنەوە بە چەکێکی سزادان یان گۆشەگیرکردن، هەردەم ئامادەیە بۆ هەر مامۆستایەک، کە ناتەبا بێت لەگەڵ سیاسەتی بەڕێوەبردنی کۆلێژەکە.
دەقی نووسینەکە:
کۆلێژیی ئەندازیاری و زانکۆی سلێمانی پێویستییان بە راژەکەم نییە!
لە کاتێکدا لە ساڵی 1995ـەوە، بە موعیدی دامەزرێنەری کۆلێژی ئەندازیاری بووم. هاوکات بێ دابڕان، زیاتر لە 27 ساڵ خزمەتی زانکۆییم هەیە.
هەروەها بەرمەبنای ئەو ئەزموونە درێژە. چەندین ساڵە لەم ئەژماری فەیسبوکەمەوە، ئەوەی راست بێت، یان بە راستم زانیبێت، تایبەت بە زانست و خوێندنی باڵا، بۆ هاوڕێیانم خستووەتەڕوو.
کەچی لە پای ئەو راستبێژییەدا، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، بە نووسراوێکی نهێنیی، کۆلێژی ئەندازیاری و زانکۆی سلێمانی، ناپێویستی راژەکەمیان بۆ وەزارەت ناردووە.
لە کاتێکدا دکتۆراکەم و پسپۆڕێتییەکەم لە بواری جیۆدێسی Geodesy و جیۆدێسی فیزیکی و مۆدێلکاری جیۆیددا لە زانکۆی UTMـی مالیزیا، نەک لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقدا، تاک و دەگمەن و ناوازەیە.
لە بەرامبەردا و لە سایەی زانستی هاوچەرخدا، هیچ کۆلێژێکی ئەندازیاری، بوێری پێویستنەبوونی پسپۆڕی رووپێوی و بەتایبەتی جیۆدێسی و پێگەکاری Positioningـی نییە. بەڵام کۆلێژی ئەندازیاری و زانکۆی سلێمانی، بێ نیازیی خۆیان بۆ پسپۆڕیەکەم، ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە. هەرچەندە تاکە دکتۆری ئەم پسپۆڕییەم لە کۆلێژەکە و کۆی زانکۆکەشدا. هاوکات پسپۆڕییەکە، بە بەردی بناغەی زانستی ئەندازیاری ئەژمار دەکرێت.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانیدا، گواستنەوە بە چەکێکی سزادان یان گۆشەگیرکردن، هەردەم ئامادەیە بۆ هەر مامۆستایەک، کە ناتەبا بێت لەگەڵ سیاسەتی بەڕێوەبردنی کۆلێژەکەدا.

Back to top button