رۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەکرێتە پشووی فەرمی
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێک دا رایگەیاند بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024، رۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەرێم دەکرێتە پشووی فەرمی.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەکۆدەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە، بڕیاردرا بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024، رۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بکرێتە پشووی فەرمی؛ واتا دەوامی فەرمی خوێندن لە رۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە دەبێت و دواتر لە رێگەی گشتاندنەوە وردەکاریی بڕیارەکە بۆ هەموو پەروەردە گشتییەکان و ناوەندەکانی خوێندن رووندەکرێتەوە.
ئالان حەمە سەعید،گوتیشی:” ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024 رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلوولی 2023 بۆ قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەستپێدەکات “جگە لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، چونکە پڕۆگرامێکی خوێندنی تایبەتی خۆیان دەبێت. روونیشیکردەوە، رۆژانی 13 و 14ـی مانگی ئەیلوول دەست ناکرێت بە وانەگوتنەوە، بەڵکوو رۆژی 17ـی ئەیلوول دەستدەکرێت بە وانەگوتنەوە لەلایەن مامۆستایانەوە.