سەرۆکی حکومەت نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی لە ئەمریکا دەستنیشان کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 7/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، (تریفە عەزیز)ی وەک نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەستنیشان کرد.
تریفە عەزیز لەم دواییانەدا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بوو. پێشتریش بۆ زیاتر لە 25 ساڵ، لە ئەرکی جۆراوجۆردا لە ئەمریکا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاری کردووە. هەروەها لە ساڵانی نەوەدەکاندا نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە واشنتن- DC.
نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێم (بەیان سامی عەبدولڕەحمان)، دوای هەشت ساڵی سەرکەوتوو لە واشنتن دی سی، دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و وەک راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت لە هەولێر دەستبەکار دەبێت.
پێشتریش بۆ ماوەی 10 ساڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە بەریتانیا. هەروەها ماوەیەکی زۆریش کاری رۆژنامەنووسی کردووە.