لە سلێمانی کۆمپانیایەک دانراوە سەدان ملیۆن دینار لە خەڵکی شارەکە وەردەگرێت 

پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان مەترسی دروستکردنی کۆمپانیایەک لە سلێمانی ئاشکرا دەکات و دەڵێ:”  لە سلێمانی کۆمپانیایەک دانراوە سەدان ملیۆن دینار لە خەڵکی شارەکە وەردەگرێت.

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند:”  دوای تەقینەوەکەی ماڵی حاجی مەزهەر! کۆمپانیایەکیان داناوە بەناوی(فایناڵ چێک) سەدان ملیۆن لە خەڵکی سلێمانی وەردەگرێت.

دەشڵێت:” پارە پەیداکردنەکە بەم شێوەیە، دوکانێکت هەیە، بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەت دەچیتە بەرگری شارستانی، ئەوان دەڵێن: دەبێت بچیتە گەشەپێدانی پیشەسازی لە کارگەی جگەرەکە، ئەوانیش دەڵێن: دەبێت نوسراوێکت بۆ بکەین بۆ کۆمپانیای (فایناڵ چێک)… ئەویش (٧٠٠ هەزارت) لێدەسێنێ! دەڵێ: من چێک دەکەم ئەگەر گرفتت هەبێت پێدەڵێم!

دەشڵێت:” ئەگەر ماڵێک سیستمی غاز( شۆفاش) دابنێ. دەبێت بەناوی سەیرکردن و چێککردنەوە نزیکەی ملیۆنێک بداتە چێککردنەوە، بەنیازن ئەمەی ماڵانیش بکەنە چێکی ساڵانە!! لەکاتێکدا ئەو کۆمپانیایانەی سیستمەکە دادەنێن، خۆیان بەمۆڵەتەکەیان بەرپرسن لە دانان و چێککردنەوە دەکەن، بەرپرسیاریەتی یاساییان لە ئەستۆیە و ئەمەی تەنیا لە سلێمانی هەیە پارە کۆکردنەوەیە. !

Back to top button