ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: بە رۆژی رووناک قاچاغچییەتی لە مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان دەكرێت

کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەفراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، دۆخی ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لە مەرزەكانی سلێمانی لە رووی ئاسانكارییەوە لەوپەڕی خراپیدایە، ئەوەی قورسایی بێت بۆ بارهەڵگرەكان لە مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان دروست كراوە، بە چەندین جۆر پارەیان لێوەردەگیرێت كە لەو مەرزانەوە دێنە ناو هەرێمی كوردستان، هەموو ئەو پارانەش بە نایاسایی وەردەگیرێن و بۆ حكومەتیش ناگەڕێتەوە.

هەروەها گوتیشی، بەرپرس و كۆمپانیا لە پشت ئەو كارانەن، كە لە نێوان 10 بۆ 12 كۆمپانیا، هەر یەكە و بە ناوی شتێكەوە پارە وەدەگرن و ئیشەكەش ناكەن، بن نموونە كۆمپانیا دانراوە بە ناوی كێشكردن بە چەندان شێوە پارە وەردەگرن، هەر بارهەڵگرێك كە دێتە ژوورەوە 24 هەزار دینار، كۆمپانیا دانراوە بە ناوی پاككردنەوە، كۆمپانیا دانراوە بۆ سیانەكردن و حكومەت خۆی گڵۆپەكان دەگۆڕێت، كۆمپانیا دانراوە بە ناوی تەعقیمیكردن و هەر ئیشیان نییە، بەڵام گرێبەستی 10 ساڵی بۆ كراوە، بە ناوی كوالێتی كۆنترۆڵ، بە ناوی پشكنین بۆ كەلوپەل، بە ناوی پشكنین بۆ مەنەفێست، بە ناوی گومرگی.

سەرجەمی ئەو كۆمپانیایانەی لە مەرزەكانی پەروێزخان و باشماخ هەن، مانگانە لە كاتی خۆی بە بێ دواكەوتن سەروو لە 25%ی داهاتی مەرزەكان دەبەن، ئەمەش بڕێکی زۆر زۆرە و ساڵانە پارەیەكی زۆر دەكات، كە راستەوخۆ كاریگەری خراپی لەسەر داهاتی حكومەت و زیانی زۆریشیان بۆ كاری بازرگانی و مەرزەكانیش دروست كردووە، بۆیە ئەگەر ئەو كۆمپانیایانە لاببرێن، كاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی باشتر دەكرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، وەرگرتنی پارە كاریگەری زۆر خراپی كردووەتە سەر ئەو دوو مەرزە و زۆربەی بازرگانەکان روویان لە مەرزەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق كردووە و كارەكانیان گواستووەتەوە ئەو مەرزانەی عێراق، سەرەڕای كەمبوونەوەی كاری بازرگانی لەو مەرزانە، ئەمەش كاریگەری لەسەر كاری بارهەڵگرەكان دروست كردووە، ئەمە جگە لەو كرێكارانەی كاری باركردن و داگرتن دەكەن، لە لایەكی تریشەوە بە نرخێكی گرانتر كاڵا و شمەك و خۆراك بە گرانتر دەگەنە دەستی هاووڵاتییانی ناوخۆ.

هەموو ئەو وێستگانەی كێش کە لە مەرزەكانن، و وێستگەكانی سەر رێگەكانیش، دەبوو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە سەرپەرشتییان بكات، بەڵام دەدرێتە ئەو كەس و كۆمپانیاکانی خۆیان و 80%ی داهاتەكەش بۆ ئەوانە، داهاتی سلێمانی هەمووی كۆمپانیا دەیبات ئەگەرنا داهاتی سلێمانی زۆر زۆرە.

لەبارەی کۆتایی هاتن بە قاچاغ لە مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان گوتی، ئێستا نەك كۆتایی پێ نەهاتووە، بەڵکو ئێستا بەرۆژی رووناک و  ئاشکرا دەکرێت جاران بە شەو بوو.

Back to top button