ئومێد سەباح: پێویستە لە هەفتەی داهاتووەوە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت
ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغداوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند ئێمە وەک حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەواوی پابەندییەكانمان بەرانبەر حكومەتی عێراق جێبەجێ كردووە و لەبەرامبەریشدا داوامان كردووە تەواوی شایستە داراییەكان بۆ حكومەتی هەرێم لەلایەن بەغداوە بنێردرێ.
ئەمڕۆ 20ـی تەمموزی 2023 ئومێد سەباح سەرۆکی شاندی حكومەتی هەرێم کە بە مەبەستی شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێم لە بەغدایە رایگەیاند، لە 25ـی 6ـەوە بە كردەیی نەوتمان رادەستی حكومەتی ناوەند كردووە و ئامادەیی خۆمان بە تەواوی دەربڕیووە و بە حكومەتی ناوەندیشمان گوتووە كە هەفتەی داهاتوو چاوەڕێی وەڵامین بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێم.
ئومێد سەباح ئەوەیشی گوت، لەمەودوا هیچ بیانوویەك نامێنێت بۆ رادەستنەكردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەیشی گوت، لەم چەند رۆژەی كە لە بەغدابووین بە بەردەوامی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر هێڵ بووە لەگەڵمان، جگە لەوەی رێگا چارەی نیشانداوین لە كێشەكان زۆرجار پێوەندییەكانی خۆیشی خستووەتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ناوەند.
ئومێد سەباح زیاتر گوتی بە لایەنی بەرامبەرمان راگەیاندووە كە لە 26ـی 6ـەوە دەبێ نەك تەنیا مووچە بۆ كوردستان، بەڵكو دەبێ تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرن.
بەهۆی ئەوەی كە بودجەی پەسەندكراو لە سەرەتای ساڵەوە هەژمار دەكرێت، شاندی حكومەتی هەرێم بە لایەنی بەغدای راگەیاندووە كە دەبێت لە ماوەی مانگێكدا تیمێكی هاوبەشی نێوان هەردوولا هەموو حسابێك یەكلا بكەنەوە كە موستەحەقاتێكی یەكجار زۆرمان لای حكومەتی ناوەندە.
ئومێد سەباح دووپاتی كردەوە، جەختمان لەوە كردووەتەوە كە لە هەفتەی ئایندەوە دەبێ هەموو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە مووچە، بودجەی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی پارێزگاكان، پتڕۆدۆلار و تەمویلی پێشمەرگە بنێردرێت.