برایەكی هاوکار جاف: با قوباد و بافڵ تاڵەبانی سەرەتا بچنە بەردەم دادگا ئینجا قسە لەسەر یاسا بكەن
برایەكی عەقیدی شەهید هاوكار جاف، ئەو ئەفسەرەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە لە لایەن دژەتیرۆری یەكێتییەوە لە ئۆكتۆبەری 2022 تیرۆر كرا رایگەیاند: بە سەرۆکە ناشەرعییەکەی یەکێتی رادەگەیەنین، با جارێ ئەو تاوانبارانەی داڵدەی داون رادەستی دادگا و یاسایان بکات، دوایی رەخنە لە یاسا بگرێت، خودی بافڵ تاڵەبانی خۆیشی داواكراوە.
محەمەد جاف دەشڵێ: من پارتی نیم و مەیلی پارتییشم نییە، بەڵام ئەوەی دەیڵێم واقیعە، بەڵێ لە هەولێر یاسا بەرقەرارە و لێرەوە بە سەرۆکە ناشەرعییەکەی یەکێتی دەڵێین، ئێمە بەم جۆرە ناوەستین و کەیسەکەی شەهیدکردنی هاوکاری برامان دەبەینە دادگا نێودەوڵەتییەکان و حەق و لەوێ حسابتان لەگەڵ دەکەین، بافڵ تاڵەبانی پەت دەکەین و دەیبەینە پێش داگاکانی ئەورووپا.
هاوکات گوتیشی: ئەگەر بافڵ و قوباد تاڵەبانیی برای حسابیان بۆ یاسا و دادگاکان بکردایە، دەهاتنە بەردەم دادگا و ئەستۆپاکیی خۆیان لەو تاوانانە دەردەخست، بەڵام نەک ئەوەیان نەکرد، بەڵکوو تاوانبارانیشیان رادەست نەکرد، لەوە دەترسن، کە بە رادەستکردنی ئەو تۆمەتبارە داڵدەدراوانە، ناوی ئەوانیش بێت، کە بە هاندان و پاڵنانی بافڵ و قوباد ئەو تیرۆرانە کراون.