پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتەوە بۆ بنەماڵەی شەهید عەمید محەمەد میرزا یونس سۆفی
🔴 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی بۆ کۆچی دوایی شەهید عەمید محەمەد میرزا یونس سۆفی راگەیاند و لە بەشێکی پرسەنامەکە سەرۆکی حکومەت دەڵێ: دامودەزگا پەیوەندیدارەکانم راسپاردووە ئەو دەستانە ئاشکرا بکەن کە لە پشت تاوانی شەهیدکردنی محەمەد میرزا بوون.
دەقی پرسەنامەی سەرۆکی حکومەت بۆ بنەماڵەی شەهید عەمید محەمەد میرزا یونس سۆفی
شەوی رابردوو و لە کردەوەیەکی گووماناویدا، ئۆتۆمبێلی عەمیدی خانەنشین “محەمەد میرزا یونس سۆفی” لە ناو شاری زاخۆ تەقییەوە و بەمەش ئەم ئەفسەرە ماندوونەناسەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید بوو.
بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ماڵبات و کەسوکار و هەڤاڵانی شەهید دەکەم و لە خوای گەورە خوازیارم جێگەی بەهەشتی بەرین بێت و سەبووریش بە کەسوکاری ببەخشێت.
لەم بارەوەش دامودەزگا پەیوەندیدارەکانم راسپاردووە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم رووداوە بکەن و ئەو دەستانە ئاشکرا بکەن کە لە پشت ئەم تاوانەوەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٤/٧/٢٠٢٣