پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ سێشەممە 25 ی تەممووز، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان کرد بەبۆنەی چواردەمین ساڵیادی دامەزراندن و بەشداریکردنی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا،
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە؛
لە چواردەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا، پیرۆزبایی لە گشت ئەندام و ھەڵسوڕاو و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەم و هيوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە پێناو داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
ئومێدەوارم بزووتنەوەی گۆڕان و هەموو حزب و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، هاوكار و هەماهەنگ و هاوهەڵوێست بن لە سەر بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان