وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی مووچە بڵاوکردەوە
کەمێک پێش ئێستا پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی مووچە بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خودای گەورە
پرسی مووچەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان گرنگترین بابەت و ئەولەوییەت بووە، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەتا ئەو رۆژەی پشتمان بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەست بۆ دابینکردنی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم نەبووە و هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتی هاونیشتمانیانی دابین کردووە.
ئێستا کە داهاتی نەوت بە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراقی لەدەست هەرێمی کوردستان نەماوە، حکومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانێت، لە دابینکردنی مووچەو شایستە داراییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە، لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردووە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بە جێ گەیاندووە و تا ئەمڕۆش بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت.
پەیامی ئێمە بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکانێک هەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە بە هیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان نەداوە و وەک هاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردووە، لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیشبێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان