18 هۆكار بۆ پشتیوانی ئیسرائیل لەدەوڵەتی كوردستان
گرنگترین رۆژنامەی ئیسرائیل بە ناوی ئۆرشەلیم پۆست لە سەروتاری رۆژی 1/8 دا پشتیوانی لە دەوڵەتی كوردی دەكات لە هەرێم و داواش لە وڵاتەكەی دەكات پشتیوانی ئەو دەوڵەتە بكات و لە 18 خاڵیشدا پشتیوانییەكەی رووندەكاتەوە.
1- كورد و جولەكە چەندین دوژمنی هاوبەشیان هەیە.
2- پارتی دیموكراتی كوردستان-ئێران یەكێكە لەو هێزە كەمانەی كە لە دژی سوپای پاسداران ئێستا دەستی بە شەڕ كردۆتەوە.
3- كاركردن لەگەڵ كوردەكان دەكرێت وەك بەشێك لە ستراتیجیەتی كەنارەكان (strategic periphery)، ئەوەی كە دەیڤد بنگۆریۆن، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، خستبویەڕوو تەماشا بكرێت. ئەم ستراتیجیە لە هەوڵی ئەوەدایە كە هاوپەیمانو دۆستی جیاجیا لەناوچەكەو لە جیهان بۆ ئیسرائیل پەیدا بكرێت.
4- سەربەخۆبوونی كوردەكان بەشێكە لە دیاردەی سەرهەڵدانی بكەرە نادەوڵەتییەكان كە ئێستا دنیای تەنیوە.
5- كوردەكان لە سوریا بەشێكی ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان دابڕیوەو ئەگەرەكانی یەكگرتنەوەی سوریا وەك جاران ئێجگار كەمە.
6- دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیكەی ناعەرەبی لە ناوچەكە دەبێتە مایەی زیاتر پاراستنی كەمینە ئاینییو نەتەوەییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
7- ئێمە (ئیسرائیلییەكان) دەبێت ئەوە بزانین كە دەوڵەتی كوردی لەناو عەرەبەكان وەك “ئیسرائیلی دووەم” ناوزەدكراوەو تەماشادەكرێت.
8- پشتیوانیكردن لە حكومەتی هەرێمو كوردەكانی ئێران ئەركێكی ئەخلاقییە بۆ ئێمە (ئیسرائیلییەكان).
9- سەرەڕای ئەوەی كە كوردەكان زۆربەیان موسڵمانن بەڵام وەك هاوپەیمان تەماشای ئیسرائیلو جولەكە دەكەن.
10- بەراورد بە كۆمەڵگە عەرەبییەكانو كۆمەڵگەكانی دیكە لە ناوچەكە، كۆمەڵگەی كوردی ئازادترو كراوەترو تەباترن لەگەڵ خەڵكانی دیكە.
11- ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە پێشمەرگەكان بەگشتی هاوسۆزیان بۆ ئیسرائیلو جولەكەكان هەیە.
12- مستەفا هیجری باس لەوەدەكات كە كوردەكان پێویستیان بە كۆمەكو پشتیوانی ئیسرائیل هەیە.
13- سەركردەكانی ئیسرائیل، بۆ نمونە: شەمعون پیرێز و نەتینیاهۆ، پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
14- كوردەكان خۆیان دووردەگرن لە بەستنی پەیوەندی ئاشكراو ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بەڵام ئەوان بە ئاشكرا دانیان بە كەلەپورو میراتی جولەكان لە هەرێمی كوردستان ناوە.
15- ئیسرائیل بە كڕینی نەوتی هەرێم دەتوانێت هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات.
16- لەوانەیە نزیكبوونەوەو پشتیوانی ئیسرائیل لە كوردەكان توڕەبوونی توركیاو سعودیەی لێبكەوێتەوە بەڵام بۆ ئێمە (ئیسرائیلییەكان) هاوپەیمانێتی لەگەڵ كوردەكان گرنگترە لە بەرامبەر پاوانخوازی ئێران.
17- پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێم واچاكە بەگشتی بەنهێنی بمێننەوە چونكە پرسی كورد پرسێكی ئاڵۆزەو پەیوەستە بە چوار دەوڵەت لە ناوچەكە. كوردەكان لاریان لە پەیوەندی نهێنی نییە چونكە ئەوانیش لە هەستیاری پرسەكە گەیشتون.
18- پشتیوانیكردن لە مافەكانی كوردەكان بێجگە لەوەی كە لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە، هەلێكی گرنگیشە بۆ ئێمە كە هەڵوێستی ئەخلاقی خۆمان نیشان بدەین.
ئامادەكردنی – شێركۆ كرمانج