پارتی بۆ گۆڕان: جەخت لە هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان دەکەینەوە
لە پەیامێکدا مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانیی بزووتنەوەکە دەکات و رایدەگەیێنێت: “لەم بۆنەیەدا رۆڵی بزووتنەوەکەتان لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەرز دەنرخێنین، هەروەها دووبارە جەخت لە هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان دەکەینەوە”.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتى كوردستان
برووسکەی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان
بۆ (14)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان
بەڕێزان ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان.
بە بۆنەی (14)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەتان دەکەین و، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
لەم بۆنەیەدا رۆڵی بزووتنەوەکەتان لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەرز دەنرخێنین، هەروەها دووبارە جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان.
هیوادارین هەموو لایەنەکان دڵسۆزانە و بەرپرسانە هەنگاوبنێن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی هەماهەنگی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی رۆشن و شایستە بۆ گەلەکەمان.
دووبارە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەکەتان پیرۆز بێت، هەر سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتى كوردستان
25ـی 7ـی