رێککەوتنی هەرێم و بەغدا، شکستێکی دیکە بۆ یەکتی و پاشکۆکانی
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی تەمموز، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی لەسەر بڕگە و ماددەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمەوە رێککەوتن، یەکێتی و موشتەقاتەکانی جارێکی تر تووشی شکست هاتن.
رێككەوتنەكەی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی پاش ئەوە هات كە دوێنێ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، بڕیاری دا شاندێك بنێرێتە بەغدا تاکو رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی ماددە و بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجە بكەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا زۆر حیزب و لایەن كە دیارترینیان یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، گوتاری میدیاییان بە شێوەیەك بە گوێی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا دەدا كە بە ئاشکرا ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە، ئەو حیزبانە حەز دەكەن بەغدا پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ نەكات تاکو بودجە و مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردرێت و دۆخی خەڵكی بكەوێتە نەهامەتییەوە.
لەمبارەیەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: ”هیچ شکێک لەوەدا نییە، کە هەموو هەوڵەکانی یەکێتی و پاشكۆكانی بۆ شکاندنی هەرێمی کوردستان بوو، ئەوان کاریان لەسەر ئەوە دەکرد کە مووچەی مووچەخۆران دوو مانگ جارێک، یان زیاتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ فەرمانبەران بنێردرێت و كێشەی تێ بكەوێت، تا خەڵكی نیگەران ببن و ئەوانیش نیگەرانی خەڵكی بۆ دژایەتیكردنی حكومەت و قەوارەی هەرێمی كوردستان ئاراستە بكەن.“
ئەوەشی خستە روو، کە یەکێتی لەبەر کێشە ناوخۆیی و خۆخۆرییەکانی و ئەو دۆخە ناهەموارەی هەیەتی، هەموو هەوڵێکی بۆ رازیکردنی حکومەتی عێراق دا، تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەكرێت، بەڵام شکستی هێناوە، بۆیە سوور دەزانێت هەڵبژاردن ساڵی داهاتوو دەکرێت، دەیەوێ تا ئەو کاتە دۆخی خەڵك خراپ بێت تاوەكو لە دژی حکومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام شكستی هێنا.