ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی دانیشتووی سلێمانی فێڵیان لێکراوە و بەشەخۆراکیان بڕاوە

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممە 30ی ته‌مموز، یاسین مه‌حموود به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پسووله‌ی خۆراك له‌ سلێمانی، رایگه‌یاند، ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو بڵاوبووه‌وه‌، كه‌سانێك له‌ سلێمانییه‌وه‌ براون بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیایان به‌ناو بكرێت، ده‌ست كراوه‌ به‌ بڕینی به‌شه‌خۆراكیان، ئه‌و كه‌سانه‌ به‌بێ ئاگاداری خۆیان ئه‌و كاره‌یان پێ كراوه‌.

روونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی كه‌سی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت بوون و براون و ئه‌و كاره‌یان پێ كراوه‌، تیایاندا هه‌یه‌ ماتۆڕی سێ تایه‌ی پێ بووه‌ و كارتۆنی‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن بۆچی ده‌چن، پێیان گوتراوه‌ 200 دۆلارتان ده‌ده‌ینێ وه‌رن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، له‌ كاتی مامه‌ڵه‌ پسووله‌ی خۆراكه‌كه‌یان لێ وه‌رگیراوه‌ له‌ به‌غدا، دواتر خۆراكه‌كه‌یان هه‌ر له‌ به‌غداوه‌ راگیراوه‌، كه‌ سه‌ردانی بریكاری خۆراكیان كردووه‌، له‌وێ پێیان گوتراوه‌ خۆراكه‌كه‌یان بڕاوه‌، ئه‌وانیش سه‌ردانی ئێمه‌یان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن بابه‌ته‌كه‌ چییه‌، پێمان گوتوون ئێوه‌ كۆمپانیاتان به‌ناو كراوه‌، ئنجا بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ کە فێڵیان لێکراوە و پسوولەکانیشیان لێسەندراوەتەوە.

هەروەها گوتیشی، “تا پێش جه‌ژنی قوربان لیستمان به‌ ده‌ست گه‌یشتووه‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌ سه‌دان كه‌س به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌یان پێ كراوه‌، به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌یان بڕاوه‌ و ره‌نگه‌ لیستی تریشمان به‌ ده‌ست بگات”.

Back to top button