حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەى “سەکۆ”ی راگەیاند

فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەى “سەکۆ”ی راگەیاند و، سەرۆکی فەرمانگەى میدیا و زانیاریش، دەڵێ:”سەکۆ لەپێناو گەیاندنی راستییەکانی کار و چالاکیی حکومەت و رەتکردنەوە و راستکردنەوەى زانیارییە نادروستەکانە.”

رۆژى دووشەممە، ٣١ى تەممووزی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەى میدیا و زانیاری و بەڕێوەبەری راگەیاندن و وتەبێژی وەزارەت و دامودەزگای حکومەت، پرۆژەى “سەکۆ” وەکوو پرۆژەیەکی راگەیاندنی حکومەت راگەیەنرا. ئامانجی پرۆژەکە، بەرەنگاریی هەواڵ و زانیارییە نادروستەکانی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندنە، کە کاریگەرییان لەسەر بەلاڕێدابردنی ڕاى گشتی و هۆشیاریی خەڵک هەیە”.

د.جوتیار عادل دەڵێت:”هەوڵی پرۆژەکە ئەوەیە بەرەنگاریی هەواڵ و زانیاریی نادروست بکات، هەروەها پڕوپاگەندەى راستیشێوێن رەت بکاتەوە و هۆشیاریی بەدواداچوونی خەڵک بۆ هەواڵ و زانیارییەکان بباتە سەرەوە، ئەمەش بە مەبەستی گەیشتنی خەڵک بە زانیاریی دروست و گەیاندنی هەواڵ بە زمانێکی شارستانی و نەرمی ڕاگەیاندن کە بە هۆیەوە گوتارێکی پیشەیی دروست بکرێت، ئەمەش بە هەماهەنگی و هاوکاریی وەزارەتەکان و دەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت و فەرمانگەى میدیا و زانیارییش بۆ هەموو هاوکارییەک ئامادەیە.”

کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێگەیشتنی قووڵ بۆ ئەو هەوڵانەى هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندە بەرامبەر حکومەتی هەرێم بڵاو دەکەنەوە و دەیانەوێت لە رێگەى کۆمەڵێک شێواندن و پەخشکردنی ناڕاستییەوە، بۆشایی بخەنە نێوان هاووڵاتییان و حکومەت، دەیەوێت لە رێگەى پرۆژەى راگەیاندنی جیاجیاوە، بەرگری لەو هەوڵانە بکات و دروستترین زانیاری و هەواڵەکانی پەیوەست بە حکومەت و ژیانی گشتی، بگەیەنێتە هاووڵاتییەکانی، ئەمەش لە پێناو روونیی زیاتر و پێشاندانی وێنەى راستەقینەى حکومەت.

Back to top button