حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە دەرکرد
بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكان نووسراوێك ئاراستەی كۆمپانیاكان دەكات و داوای لیستی ئەو كەسانە دەكات کە سوودمەندی راستەقینەن، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە سپیكردنەوەی دۆلار.
ئەمڕۆ دووشەم 31ـی تەمووز، بەپێی نووسراوێكی تۆماری كۆمپانیاكان كە وێنەیەكی دەست دەزگای میدیایی خواکوڕک كەوتووە، هاتووە، ئاماژە بە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان و نووسراوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی بازرگانی و پشەسازی و وەزارەتی ناوخۆ، چەند بڕیارێك دەرچوون.
ئاماژە بەوەش دراوە، بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر، پێویستە سەرجەم كۆمپانیاكان فۆرمی تایبەت بە سوودمەندی راستەقینە پڕبكەنەوە.
ئەو هەنگاوە لە كاتێكدایە ئەم هەفتەیە ئاشكرابوو لە سلێمانی لە چەند رۆژێكدا، 165 ملیۆن دۆلار بۆ دەرەوە براوە و هیچ هۆكارێكیش دیار نییە بۆ كوێ براوە و چی لێ كراوە.
بازرگانیكردن بە دۆلار و ناردنەدەرەوەی، یەكێكە لەو كێشانەی رووبەڕووی بازاڕی عێراق بووەتەوە و ناتوانرێ نرخەكەی كۆنترۆڵ بكرێ، ئەو هەنگاوەی تۆماری كۆمپانیاكان بۆ رێگری لەو كارانەیە.