وەزیری دارایی: هەموو ئەوانەی چوونەتە لای سوودانی، هیچ وادەیەكیان بۆ ناردنی مووچە پێ نەدراوە بەدەستی بەتاڵ گەڕاونەتەوە
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی پابەندیی خۆیەتی بەپێی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، جێبەجێی كردووە، ئێستا تۆپەكە لە ساحەی حكومەتی عێراقە. قسەكەم بەپێی دوایین رێككەوتنی نێوانمان دەسەلمێنم.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەرچەندە ئەوان چاوەڕێ دەكەن ئەمڕۆ بەغدا پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام هەموو ئەوانەی سەردانی سوودانییان كردووە بە ئێمەشەوە، كەسیان وادەیەكیان بۆ ناردنی پارەكە و ژمارەیەكیشیان لەبارەی بڕی پارەكە وەرنەگرتووە، نە كەی پارە بۆ ئێمە تەمویل بكەن و نە ئەو ژمارەیەش كە بۆمان رەوانە دەكەن.
باسیشی لەوە كرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك ئامادە بووە بۆ ئەوەی بە خێرایی هەردوولا پابەندیی خۆیان جێبەجێ بكەن، شاندی ئێمە لە 27ی مانگ لەوێ بووە، چوار بەڕێوەبەری گشتیمان تەنیا لە وەزارەتی دارایی لەوێ بووە، بێجگە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و شاندەكەی كە لەگەڵ چاودێریی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەوێ بوون.