مەسرور بارزانی بە كامێراكەی خۆی، داستانی مێژوویی خواكوڕكی دۆكیۆمێنت كردووە
مەسرور بارزانی، سەرۆك حکومەتی هەرێمی كوردستان، 35 ساڵ لەمەوبەر و لە تەمەنی سەرەتای گەنجیی خۆیدا، بە كامێراكەی، داستانی مێژوویی خواكوڕكی تۆمار كردووە كە لە چوارچێوەی شۆڕشی گوڵان بە سەرپەرشتی و سەركردایەتیی راستەوخۆ و مەیدانیی سەرۆك مەسعود بارزانی بەڕێوە چوو.
داستانی خواكوڕك 35 ساڵ لەمەوبەر لە چوارچێوەی شۆڕشی گوڵان وەك سەروەرییەكی گەورە بۆ مێژووی گەلی كوردستان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی، تۆمار كراوە، تێیدا سەرۆك بارزانی هەم وەك پێشمەرگەیەكی قارەمان شان بە شانی پێشمەرگەكانی دیكە خەباتی كردووە، هەم رۆڵێكی حەكیمانەی لە پلانی رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی عێراق گێڕاوە.
لەمبارەیەوە سەفەر ژۆژوكی، رۆژنامەنووس كە بایەخێكی زۆر بە رووداوە مێژووییەكانی نێو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دەدات، لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی (خەبات)دا بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی وتەی ئەو پێشمەرگانەی لە داستانەكەدا بەشدارییان كردووە، لە داستانی خواكوڕكدا مەسرور بارزانی چەكی لە شاندا بووە و لەگەڵ باوكی لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕدا وەستاوە و هاوكات بە كامێراكەی دەستی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی تۆمار كردووە.
لە رۆژی 19ـی 7ـی 1988 هێزەكانی رژێمی عێراق بە چەك و جبەخانەیەكی زۆرەوە هێرشێكی فراوانیان كردە سەر دەڤــەری خواكوڕك بە مەبەستی شكاندنی لەشكری پێشـمەرگەی كوردستان، شەڕ و پێكدادان بۆ ماوەی 46 رۆژ بەردەوام بوو، تاوەكوو لە رۆژی 5ـی 9ـی 1988 لەسەر دەستی هێزەكانی شۆڕشی گوڵانەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان رابەرایەتی دەكرد، تووشی شكستێكی گەورە بووەوە.
سەفەر ژاژوكی باسی لەوە كردووە، ئەوكات كە مەسرور بارزانی تەمەنی تەنیا 19 ساڵ بووە، دەیزانی ئەو وێنانە مێژوویین و بــۆ دواڕۆژ گرنگن، ئێستاش تێكۆشەرەكانی بەشداربوو زۆر جار وێنەكانی خۆیان دەبینن و دەڵێن: سوپاسی كاك مەسرور بارزانی دەكەیـن كە بـە كامێراكەی وێنەكانی گرتووە.
جەختیشی كردووەتەوە كە مەسرور بارزانی لە ماوەی تەمەنیدا هەموو دەم لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بووە و خۆی بە پێشمەرگەی كوردستان زانیوە، لە رۆژانی ئاوارەییدا لە ئێران رۆڵی لە رێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان گێڕاوە، لە داستانی خواكوڕكیشدا، بە كامێراكەی چووەتە شوێنی مەترسیدار و ڤیدیۆ و وێنەی سەروەرییەكانی پێشمەرگەی تۆمار كردووە.
ئەو نووسەرە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە مەسرور بارزانی لە سەردەمی شۆڕشدا نەك هەر ئەرشی شەڕەكانی پاراستووە، بەڵكوو چەندین وێنە و ڤیدیۆی بە تایبەتی وێنە و بەڵگەكانی بۆمبارانی ئۆردوگای زێوە هەن كە مەسرور بارزانی تۆماری كردوون.
لە كۆتاییشدا جەختی كردووەتەوە: بە دڵنیاییەوە مەسرور بارزانی پشت و پەنای هاووڵاتیانی كوردستانە و باش دەزانێت ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بە خوێن و خەبات بە دەست هاتووە، لە هەر شوێنكێدا بێت خۆی و كابینەكەی بە خزمەتكاری خەڵك دەزانێت. كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك دەڵێ: هەمان پێشمەرگە و بـە هەمان نەفەسی پێشمەرگایەتی، خۆمان بـە خزمەتكاری هاووڵاتیان دەزانین. جەنابی مەسرور بارزانی پەروەردەی دەست باوكێكە، ئەویش جەنابی سەرۆك بارزانی پێشەوای سەردەمە، بۆیە كاروانی ئاوەدانی و ئارامی بەرەو پێش دەبات و بووەتە مێژوویێكی پڕ لە سەروەری.