ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان کۆدەبێتەوە و پرسی بودجە و بەنزین تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی ئابی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆ دەبێتەوە.

لە تەوەرەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دواپێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 – 2025 و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رێڕەوی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاووتوێ دەکرێن.

بارودۆخی کارەبا و بەنزین لە هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوە دەکرێت.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتاییدا، پرۆژەی پێدانی پارە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و پرۆژەی خەرجکردنی مووچە لە رێگەی هەژماری بانکی گفتوگۆ دەکرێن.

Back to top button