ئەنجوومەنی وەزیران: هیچ بیانوویەک نەماوە لەبەردەم حکومەتی فیدڕاڵ کە خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم لەمە زیاتر دوابخات
به سهرپهرشتی مهسروور بارزانی سهرۆك وهزیرانی كوردستان و ئامادهبوونی قوباد تاڵهبانی جێگری سهرۆك وهزیران، كۆبوونهوهی ئاسایی حکومهتی ههرێمی كوردستان بهرێوهچوو.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شنگال و جێنۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییەی کردەوە و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی لە پشتیوانیکردنی مافی ئێزدییەکان دووپات کردەوە و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی کرد بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارە بوونەوەی ئەم کۆمەڵکوژیانە بگیرێت ، جەختیشی لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کردەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوا پێشهات و پەرەسەندنەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و دابینکردنی شایستەی دارایی مووچە و بەشە بودجەی هەرێم و رێڕەوی دانوستانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و بەم شێوەیەش، هیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە لەبەردەم حکومەتی فیدڕاڵ کە خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە بنێرێت.
ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هێز و پارت ولایەنە کوردستانییەکان دەکات کە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە سەر داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ناو بودجەدا جێگیرکراوە.
بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بارودۆخی کارەبا وگرانیی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەمبارەیەوە، کە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە دوو توێی راپۆرتێک خرایەڕوو، ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دا بۆ چارەسەرکردنی گرانبوونی نرخی بەنزین و ئاسانکارییەکانی وەزارەت بۆ هاوردەکردنی بەنزین و هاندانی پاڵاوگەکان بۆ پاڵاوتنی زیاتری نەوتی خاو بۆ دابینکردنی بەنزین.
سەبارەت بە کارەباش، وەزیری کارەبا ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەی دا بۆ باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزاریی کارەبا و هەوڵدان بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانیی و ئەو پڕۆژانەشی خستەڕوو کە لە ماوەی رابردوو بەم ئاراستەیە ئەنجامدراون.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای هەڵسەنگاندنی هەوڵ وپڕۆژەکانی هەردوو وەزارەت، وەزیری ڕاسپارد کە لە ڕێکار و هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان و هەموو ئاسانکارییەکيش لەم ڕووەوە بخەنەڕوو.
لە بڕگەی کۆتاییدا، پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی پێدانی پارە بە شێوازی ئەلکترۆنی E- Payment و (پڕۆژەی هەژماری من) لە لایەن عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە هاوکارانی کە بەشدارن لە بەجێگەیاندنی پڕۆژەکە، بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو.
سەرۆک وەزیران وێڕای سوپاسکردنی تیمی جێبەجێکاری پڕۆژەکە ، گوتیشی سوپاسی جێگری سەرۆک وەزیران دەکەم کە لە کابینەی پێشووش کاری لە سەر بە دیجیتاڵکردن کردووە ، هەروەها سوپاسی وەزیری دارایی دەکەم بۆ پاڵپشتی و سەرخستنی پڕۆژەی ( هەژماری من ). جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێ تەواوی وەزارەتەکان پشتگیری پرۆسەی بەدیجيتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بکەن، کە ئەمە بنەمایەکە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کە دەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری، کە لە ڕێگەی کاراکردن و بەهێزکردنی بانكەكانەوە، ئابووریی وڵات زياتر پێش دەکەوێت و جموجۆڵی ئابووریش پەرە دەسەنێت. چونکە پێشخستنی سیستەمی بانکی بەپێی ستانداری نێودەوڵەتی و بەڕەچاوکردنی تازەترین پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، لە ناویشیاندا پێدانی پارە و خەرجکردنی مووچە، بنەمایەکی سەرەکی پەرەپێدان و پێشکەوتنی ئابوورییە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و حکومەت و کەرتی تایبەتیشە.
سەرۆک وەزیران هەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی راسپارد کە هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆژەی (هەژماری من)بن بۆ ئەوەی ئەو چاکسازییەی لە بواری سیستەمی بانکییەوە دەستی پێکراوە خێراتر بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا کە لە کۆتایی ساڵی 2025 تێپەڕ نەکا، تەواوی خزمەتگوزارییەکان ببنە دیجیتاڵی و مامەڵەکردن بە کاش سنووردار بکرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، داواش لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا پشتیوانی لەو ھەنگاوە بکەن و پاڵپشت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. لەم ڕووەشەوە حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و ئامادەسازییەک کە لە ئەستۆی حکومەت بێت.